Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت چەندین مووشەکی باڵیستیکی لە ئێرانەوە ئاراستە کراون

سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت چەند مووشەکێک لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکەی کراون.

بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکان ئیسرائیل، سیستمی بەرگری و دژە مووشەکی ئەو وڵاتە لە هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە هەڕەشەکان.

فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل لە چەند خولەکی ڕابردوودا ڕێنمایی سەرەتایی پاراستنی بە ڕێگەی ناردنی پەیام بۆ مۆبایلی دانیشتوانی ناوچە پەیوەندیدارەکان دەرکردووە. لەم پەیامانەدا داوا لەهاووڵاتیان کراوە ئارام بن، دەستبەجێ بچنە شوێنە پارێزراوەکان و پەناگە و هەتا ئاگاداری زیاتر لەوێ بمێننەوە.

بەرپرسان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە جێهێشتنی پەناگەکان تەنها دوای دەرکردنی فەرمانێکی ڕوون و فەرمی دەکرێت و پابەندبوونی توند بە ڕێنماییەکان دەتوانێت ژیانی خەڵک ڕزگار بکات.

دوابەدوای هێرشە قورسەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر پێگە و کۆگاکان و مووشەکهاوێژەکانی کۆماری ئیسلامی، چڕی و ژمارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وردە وردە کەمی کردووە.

سەرەڕای ئەوەش، هەندێک مووشەکی ئێران توانیویانە دژە مووشەکی ئیسرائیل تێپەڕێنن و گەیشتوونەتە شوێنەکانی وەک بەیت شەمێش و تەلئەڤیڤ.

ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل نووسیوێتی تاکو ئیستا هیچ زیانێکی گیانی ڕانەگەیەندراوە.

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها نووسیوێتی ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە پێگەی ئەتۆمی دیمۆنا دەکاتە ئامانج، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمەریکا هەوڵی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بدەن.

هاوکات ڕۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە کە پێدەچێت ڕژێمی ئێران توانای هێرشی مووشەکی بەرفراوانی لەدەستدابێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، کۆماری ئیسلامی ڕێژەی مووشەکی بالیستیکی کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا هەڵیدەدات، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

XS
SM
MD
LG