Accessibility links

هاوپەیمانی هێزەکانی کوردستانی ئێران "بە گەرمی" پێشوازی لە ئەندامێتی کۆمەڵە دەکات

هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەخێرهاتنی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێرانی دەکات بۆ هاتنە نێو هاوپەیمانێتییەکە و دەڵێت تەبایی پتری هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.

هاوپەیمانییە کوردستانییەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا گوتی، "دڵنیاین وەک چۆن کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران له‌ داڕشتنی بڕگه‌ و خاڵه‌کانی پلاتفۆڕمی پەسەندکراوی هاوپه‌یمانییەکەدا ده‌ور و نه‌خشێکی گرنگیان هەبوو، لە بەردەوامی کاری مەیدانی و بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەم پلاتفۆڕم و هاوپەیمانییەشدا دەوری کاریگەری خۆیان دەبێت."

دەشڵێت، "هێز لە یەکگرتن و یەکڕیزی دایە و بێگومان ئەو یەکگرتن و هاوپەیمانییە لە ئامانجەکانمان نزیکیتر دەکاتەوە."

دەفتەری سیاسی کۆمەڵە ڕایگەیاند بڕیاری داوە لەمڕۆ چوارشەممەوە بەشداری هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان بکات.

کۆمەڵە بڕیارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەم دۆخەی ئێران و کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت. جەختدەکاتەوە، "تەوژمی گۆڕان زیاتر لە هەموو کات ڕووی لە ناوچەکەی ئێمە کردووە و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستۆتە بەردەم هەلومەرجێکی زۆر هەستیار و مێژوویی کە ئەوەش لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، هەماهەنگی و کاری هاوبەشە."

بەم هەنگاوەش، ژمارەی هێزە سیاسیاسییەکانی چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستانی ئێران بەرزبووەوە بۆ شەش حزب.

XS
SM
MD
LG