کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند بەشداری لە هاوپەیمانی حزبەکانی کوردستانی ئێران دەکات.
کۆمەڵە کە مانگی ڕابردوودا گوتی بەهۆی چەند نیگەرانییەک بەشدار نەبووە لەو هاوپەیمانییەی کە لە نێوان پێنج حزبدا مۆرکرا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند " دەفتەری سیاسی کۆمەڵە بڕیاری دا لەمڕۆوە بەشداری هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان بکات."
هەرچەندە ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەو بابەتانەی گرنگ بوو بەلایەوە و داوای ڕوونکردنەوەی زیاتری لەسەری کردبوو ئێستاش هەر پێی گرنگە و دەڵێت " ئەو بابەتانە ئێستاش و لە داهاتووشدا بە گرینگ دەزانین و وەکوو ئامانجێک هەوڵیان بۆ دەدەین."
بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی ئەمدواییە و گۆڕانکارییەکان دەڵێت " تەوژمی گۆڕان زیاتر لە هەموو کات ڕووی لە ناوچەکەی ئێمە کردووە و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستۆتە بەردەم هەلومەرجێکی زۆر هەستیار و مێژوویی کە ئەوەش لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، هەماهەنگی و کاری هاوبەشە."
هەروەها دەشڵێت لەلایەن دۆست و دڵسۆزانی کۆمەڵەشەوە داوایەکی زۆریان لێکراوە بۆ بەشاری کردن لەو هاوپەیمانییە.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هاوپیمانی پێنج حزبەکە هیچ ڕاگەیاندنێکی لەسەر ئەم بەیاننامەیەی کۆمەڵە بڵاو نەکردووەتەوە.
ڕۆژی 22ی مانگی دووی ئەمساڵ، پێنج هێزی سیاسی کوردستانی ئێران کە بریتی بوون لە حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازاد (پژاک)، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، ڕایانگەیاند هاوپەیمانییەکیان واژۆکردووە کە ئامانجەکەی "ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بەدیهێنانی مافی گەلی کوردە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی لە ئێرانێکی هەمەچەشن و دێموکراتیکدا."