کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردوەتەوە دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا، سی ئای ئەی، کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ پڕچەککردنی هێزە کوردییەکان بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە ئێران.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بەڕێوبەرایەتی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و هەروەها سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کەوتووەتە دانوستانێکی چالاکەوە بۆ ئەگەری پێشکەشکردنی پشتیوانی سەربازی.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت هێزە کوردییەکانی ئێران هەزاران سەربازیان بەدرێژایی سنووری ئێران و عێراق هەیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیرن.
ماوەیەک پیش ئێستا چەند هێزێکی سیاسی کوردی هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا بە مەبەستی خەباتی هاوبەش دژی کۆماری ئیسلامی و بەیاننامەیان بڵاو کردەوە و داوایان لە هێزە نیزامییەکانی ئێران کرد لە حکومەت جیاببنەوە. لە هەمان کاتدا سوپای پاسداران ڕایگەیاند بە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێگەی ئەو هێزانەی کردۆتە ئامانج.
کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردوەتەوە ترامپ ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ مستەفا هیجری، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران قسەی کردووە. بەرپرسێکی باڵای کوردی ئێران بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ڕۆژئاوای ئێران بەشداری بکەن و بە هیوای پشتیوانی ئەمەریکا و ئیسرائیلن.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمەریکاییەکان، هەر جۆرە ناردنی چەک بۆ هێزە کوردییەکانی ئێران پێویستی بە هاوکاری سەرکردەکانی کوردستانی عێراق دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت کەلوپەلەکان لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بگوازرێنەوە و وەک بنکەی ئۆپەراسیۆنەکان بەکاربهێنرێن. کەسێکی ئاگادار لەو بابەتە وتی ئامانجەکە ئەوەیە هێزە کوردییەکان وابکەن کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران تێوەگلێنن و سەرقاڵیان بکەن بۆ ئەوەی زەمینە بۆ ئامادەبوونی فراوانتر لە شارە گەورەکاندا خۆش بکەن.
کەسێکی ئاشنا بە گفتوگۆکان بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، بیرۆکەکە ئەوەیە کە هێزە کوردییەکان هێزە ئەمنییەکانی ئێران سەرقاڵ بکەن بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی بێ چەک و مەدەنی لە شارە گەورەکان، بێ ئەوەی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی دیکە ببنەوە وەک نائارامییەکانی مانگی یەک، بڕژێنە سەر شەقامەکان.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا وتویەتی کوردەکان دەتوانن بە دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکەدا سەرچاوە سەربازییەکانی حکومەتی ئێران سەرقاڵ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێگە سەربازییەکانی ئێرانی لە نزیک سنووری عێراق کردۆتە ئامانج، لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی هێزە کوردییەکان بچنە نێو ئێران و پێدەچێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشەکان چڕتر ببنەوە.
سی ئای ئەی ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن بدات.
ئەلێکس پلیتساس، شرۆڤەکاری ئاسایشی نیشتمانی کەناڵی سی ئێن ئێن و بەرپرسی پێشووی پنتاگۆن دەڵێت، "ئەمریکا بە ڕوونی هەوڵی خێراکردنی پرۆسەی ڕووخاندنی ئێران دەدات بە پڕچەککردنی کورد."
بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن هەر پشتیوانییەکی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ هێزێکی زەمینی کوردی پێویستی بە پشتیوانییەکی بەرفراوان دەبێت. هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا دەریانخستووە کە کوردەکانی ئێران لە ئێستادا کاریگەری و سەرچاوەی دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی ڕاپەڕینێکیان نییە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە گرووپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن دووبەرەکیی نێوخۆیی و گرژیی مێژوویی و جیاوازیی ئایدیۆلۆژی و ڕکابەریی سیاسییان هەیە و بەشێک لە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی ترامپ نیگەرانی خۆیان لە پاڵنەرەکانیان دەربڕیوە.
یەکێک لە بەرپرسەکانی بەڕێوبەرایەتی ترامپ ڕایگەیاندووە "ڕەنگە ئەوەندە سادە نەبێت کە ئەمەریکاییەکان هێزێکی بە وەکالەت ڕازی بکەن کە بە نوێنەرایەتی ئەوان شەڕ بکات. تۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک کەس دەکەیت کە چاویان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە بەرژەوەندی ئەواندایە کە بەشداری ئەم کارە بکەن یان نا؟"
زۆرێک لە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی ترامپ بە شێوەیەکی تایبەت هۆشدارییان داوە کە هێزە کوردییەکان لە ماوەی ڕابردوودا لە کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا بێ هیوا بوون و چەندین جار هەستیان بەوە کردووە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیان بەردراوە و بۆیە جەخت لەوە دەکەنەوە ئەگەر هات و ڕاپەڕین و هەوڵەکان شکستیان هێنا و ئەمەریکا ناچار بوو ناوچەکە چۆڵ بکات، ئەوا کوردەکان جارێکتر بێ هیوا دەبنەوە لە ئەمەریکا.
ڕاپۆرت: ئەمەریکا کەوتووەتە دانوستانێکی چالاکەوە بۆ پڕچەککردنی کورد دژ بە ڕژێمی ئێران