سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرپرسێکی باڵای هێزی قودسی ئێرانی لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵای لوبنان کوژراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕەزا خەزایی کە ئەرکی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی حزبوڵای پێسپێردرابوو، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە بەیروت کوژرا.
لە بەیاننامەکەی ئیسرائیلدا ئاماژە بەوە کراوە کە خەزایی بەرپرسیارە لە هەماهەنگی کردن بۆ گواستنەوەی چەک لە نێوان حیزبوڵا و کۆماری ئیسلامی بۆ لوبنان و هەروەها دەورێکی سەرەکی لە بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییەدا گێڕاوە.
تا ئێستا بەرپرسانی ئێران و حزبوڵا هیچ لێدوانێکیان لەسەر کوشتنی خەزایی نەداوە.
دوابەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەدژی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی شەممە، حیزبوڵای لوبنانیش چەندین مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئەو گرووپە ئیسلامییە دەستپێکرد.