جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران دوای ئەوە وەستاون کە بەرپرسانی ئەمەریکا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بانگەشەکانی تاران سەبارەت بە سروشتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێ بنەما و بێ مانان و بووە هۆی ئەوەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕێگە بە "ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی" بدات.
ڤانس لە لێدوانێکیدا لە کەناڵی فۆکس نیوز وتی شاندی ئەمەریکا کە پێکهاتوون لە ستیڤ ویتکۆف، مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و جەرێد کوشنەر، چەندین خولی وتووێژی "ئامانجدار"یان لەگەڵ شاندی ئێران لە ژنێڤ هەبووە. ئاماژەی دا کە ئامانج لەو گفتوگۆیانە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بووە لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان، بەڵام دواجار دانوستانەکان گەیشتنە چەقبەستوویی.
ڤانس ڕوونی کردەوە کە لایەنی ئێرانی پێداگری کردووە لەسەر "مافی پیتاندن بۆ مەبەستی مەدەنی و وزە" وەک شانازی نیشتمانی و ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە دەمانگوت ئەگەر ئامانجەکە تەنها مەدەنی بێت، بۆچی دامەزراوەیەکی پیتاندن دروست دەکەیت کە 70 پێ لەژێر زەویدا بێت؟ و بۆچی ئاستی پیتاندنەکە ئەوەندە زیاتر بێت لە پێداویستییە مەدەنییەکان، کە ئەمە تەنها ئەو کات مانای هەیە کە ئامانجەکە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بێت؟"
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە واشنتن ناڕەزایی نەبووە بەرامبەر بە بەرهەمهێنانی ئایزۆتۆپی پزیشکی ئێران، بەڵام نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دامەزراوەکان و ئاستی پیتاندنەکان دەربڕیوە کە تەنیا بۆ بەکارهێنانی سەربازیی شیانی هەبوو. گوتی "ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێت ئامانج بەرهەمهێنانی ئایزۆتۆپی پزیشکییە و لەهەمان کاتدا دامەزراوەی قووڵی ژێرزەمینی دروست دەکەن بۆ پیتاندن، لەگەڵ لۆژیکدا ناگونجێت."
ڤانس ئەم لێدوانانەی لە کاتێکدا ئەنجام دا کە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی پێی خستووەیە ناو سێهەم ڕۆژەوە. ئۆپەراسیۆنەکە کە لە 28ی مانگی دووەوە دەستیپێکردووە، هێرشی هەماهەنگ و وردی هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە قووڵایی ناوخۆی ئێران بە ئامانجی لاوازکردنی جبەخانەی مووشەکی و ژێرخانی ئەتۆمی تاران لەخۆگرتووە.
ڤانس لە کۆتاییدا وتی ئێمە توانای ئێرانمان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا لەناوبردووە و بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەیان کردووە. "بەڵام سەرۆک پابەندبوونی درێژخایەنی دەویست؛ بەڵێنێک کە ئێران هەرگیز نەچێتە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، یان تەنانەت لێی نزیک نەبێتەوە."
ڤانس جەختی کردەوە "سەرۆک [ترامپ] پشوو نادات هەتا نەگاتە ئەو ئامانجە زۆر گرنگە و ئەویش ئەوەیە دڵنیابێت لەوەی ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."