Accessibility links

ڕاپۆرت: سەرۆک ترامپ پەیوەندی بە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کردووە

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی کردووە بە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و باسی شەڕی دژ بە ڕژێمی ئێران و ئەگەرەکانی داهاتووی لەگەڵ کردوون، ئەمە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هەواڵی.

ئاژانسی ئاکسیۆس دەڵێت لە سێ سەرچاوەوە زانیویەتی سەرۆک ترامپ پەیوەندی تەلەفۆنی کردووە بە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی. دەڵیت پەیوەندییەکە ڕۆژی یەکشەممە ئەنجامدراوە، واتا ڕۆژێک دوای هێرشی سەر ڕژێمی ئێران.

یەکێک لە سەرچاوەکان گوتوویەتی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە "هەستیار" بووە و ئامادە نەبوو زانیاری زیاتر بخاتە ڕوو.

سەرچاوەیەکی دیکە ڕایگەیاندووە، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانە بەرهەمی چەند مانگێک بووە لە لۆبیکردنی پشت پەردەی بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.

بەرپرسێک گوتوویەتی، "بۆچوونی گشتی ئەوەیە، وە بە دڵنیاییەوە بۆچوونی نەتانیاهووش هەر ئەمەیە کە کوردەکان دێنە مەیدان و کورد سەرهەڵدەدات."

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، نەتانیاهو لە دیدارێکی کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا داکۆکی لە کورد کردووە.

یەکێک لە بەرپرسەکان گوتویەتی، "کاتێک بۆ یەکەمجار نەتانیاهو هاتە لای ترامپ و چەند کاتژمێرێک لەگەڵی دانیشت، واتدەزانی نەتانیاهو هەموو شتێکی ڕێکخستووە. شارەزای کوردەکان بوو: دوو کۆمەڵە گرووپی کوردی لێرە و لەوێ. هێندە خەڵکە ڕادەپەڕن."

لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت سەبارەت بە پەیوەندییەکان، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕەتیکردەوە ئاماژە بە وردەکارییەکان بکات.

وتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاکسیۆس گوتی، "سەرۆک ترامپ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ زۆرێک لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ناوچەکە لە پەیوەندیدا بووە.

ئاکسیۆس دەڵێت پێشمەرگە بەهۆی توانا و ئەزموونی دەیان ساڵەی لە شەڕکردن، دەتوانێت لەسەر زەوی ببێتە "ڕەهەندێکی چارەنووسساز" بۆ هەڵمەتەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران.

بەڵام دەڵێت ڕەنگە ئەمە ئاڵۆزییەک دروستبکات، بەو پێیەی کورد لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی دوژمنکارانەی هەیە، لە کاتێکدا تورکیا هاوپەیمانی ئەمەریکا و ناتۆیە.

سەرچاوەکە بە ئەکسیۆسی گوتووە، لە کاتێکدا داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمەریکا پێیان وایە ڕەنگە نەتانیاهو خەمڵاندنێکی زیادە لە ڕادەی کردبێت بۆ ژمارەی ئەو کوردانەی کە ڕەنگە چەک دژی ئێران هەڵبگرن، بەڵام ژمارەکە "بریتی نییە لە هیچ."

ئەو بەرپرسە دەڵێت، "ئایا ڕۆڵیان لە شەڕەکە چی دەبێت یان ڕۆڵیان لە ئێرانی دوای شەڕ چی دەبێت، ئەوە بابەتێکە لە سەرووی پلەی بڕیاردانی منەوەیە".

XS
SM
MD
LG