لە کاتیکدا ئەگەری فراوانبوونی بەرەی دژ بە ڕژێمی ئێران لە بەرزبوونەوەدایە، سیناتۆری کۆماری لینزی گراهام پێشوازی لە هەڵوێستی نوێی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا دەکات دژ بە هێرشەکانی ڕژێمی ئێران.
لینزی گراهام لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم کە دەبیستم فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بەشداری دەکەن لە شەڕ بۆ هاوکاری لە نوقمکردنی کەشتی دایکی تیرۆر لە ئێراندا."
سیناتۆرەکەی نزیک لە سەرۆکی ئەمەریکا سوپاسی ئەو وڵاتانەی کرد و ڕایگەیاند، "بەڕاستی باوەڕم وایە ئەمە یارییەکە دەگۆڕێت، بەوەی لەناوچوونی ئەم دەسەڵاتە ترسناکە خێراتر دەکات کە دەستی چووەتە خوێنی ئەمریکاییی و ئەوروپاییەکان. ئافەرین و خوای گەورە شادتان بکات."
لێدوانەکەی لینزی گراهام لەکاتێکدا بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕۆژی یەکشەممە ئیدانەی هێرشەکانی ئرانیان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتیان ئامادەی هاوکارین بۆ تێکشکاندنی توانای هێرشی ئێران.
لە بڵاوکراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، "ئێمە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانمان و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەنگاو دەنێین، واتا لە ڕێگەی کاراکردنی کردەوەی بەرگریی پێویست و گونجاو بۆ لەناوبردنی توانای ئێران بۆ هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە هەیانە. ئێمە لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکان ڕێککەوتووین کە لەسەر ئەم بابەتە کار بکەین."
بەیاننامەکەی ئەم سێ وڵاتە بە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی پێشویان دادەنرێت.
ڕۆژی 28ی دووی 2026، دوای ئەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، ئەو سێ وڵاتەی ئەوروپا بەیەکەوە گوتیان بەشداری هێرشەکان نابن و داوای چارەسەرکردنی گرژییەکانیان بە ڕێگای دانوستاندن کرد. ئەو کات سیناتۆر لینزی گراهام ڕەخنەی گرت لەم هەڵوێستە و ڕایگەیاند "هەڵوێستی ئەورووپا جێگەی بەزەییە."