Accessibility links

ترامپ: ئۆپەراسیۆنی دژ بە ڕژێمی ئێران تا گەیشتن بە ئامانجەکان بەردەوام دەبێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سوپای ئەمەریکا بە هەموو توانایەوە بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژ ڕژێمی ئێران تا بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانی ئەمەریکا.

دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە لە وتارێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند لە ماوەی 36 کاتژمێری ڕابردوودا ئەمەریکا و هاوبەشەکانی سەدان ئامانجیان لە ناوخۆی ئێراندا پێکاوە، لەوانە دامەزراوەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە.

سەرۆک ترامپ لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند "لە ماوەی چەند خولەکێکدا ٩ کەشتی و بنکەی دەریایی ئەوان تێکشکێندران، جگە لەوەش تەواوی فەرماندەیی سەربازییان لەناوچووە، بەشێکی زۆریان ئامادەن لە پێناو ژیانی خۆیاندا خۆیان ڕادەست بکەن، پارێزبەندییان دەوێت".

ئاماژەی بەوەش کرد "ئایەتوڵا خامنەییش کوژراوە."

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی شەممە لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا کوژرا.

سەرۆک ترامپ گوتی خامنەیی "دەستی سوورە بە خوێنی سەدان، ئەگەر هەزارانیش نەبێت، ئەمەریکیی. ئەو بەرپرسە لە مردنی هەزاران کەسی بێتاوان لە زۆرێک لە وڵاتاندا. دەنگی گەلی ئێران لە شەقامەکاندا دەبیسترا کە شەوی پێشوو ئاهەنگی مردنەکەیان دەگێڕا."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند کە ئەمەریکا ناتوانێت ڕێگە بدات بە ڕژێمێکی وەک ئێران کە سوپای تیرۆریستی پەروەردە دەکات، چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هەموو ئەمەریکاییەک دروست دەکات.

ترامپ هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو سێ سەربازە ئەمەریکییە دەربڕی کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژران. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە پێش ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە تەواو بێت، قوربانی تریش بدرێت.

سەرۆک ترامپ وتی ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەدات، بەڵام ئەمەریکا تۆڵەی مردنەکانیان دەکاتەوە و بە تەواوی یاسا سزای ئەو تیرۆریستانە دەدات کە شەڕیان دژی شارستانیەت ئەنجامداوە.

لە کۆتایی وتارەکەیدا ترامپ جارێکی دیکە داوای لە ئەندامانی سوپای ئێران کرد چەک دابنرێن و پارێزبەندی قبوڵ بکەن. وتی ئەگەر نەیکەن، "ئەوە ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە."

هەروەها گوتیشی " داوا لە هەموو وڵاتپارێزانی ئێرانی دەکەم ئەوانەی کە ئازادی خوازن،ئەم هەلە بقۆزنەوە، ئازابن، قارەمان بن و وڵاتەکەتان وەربگرنەوە. ئەمەریکا لەگەڵ ئێوەدایە. من بەڵێنم پێدان، ئەو بەڵێنەشم جێبەجێ کرد. ئەوەی تر پەیوەستە بە ئێوەوە، بەڵام ئێمە لەوێ دەبین بۆ یارمەتیدانتان".

This item is part of
XS
SM
MD
LG