ڕۆژی یەکشەممە کۆشکی سپی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئێران ئاماژەی بەوە کردووە " دەیەوێت گفتوگۆ بکات."
لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی ئایە ئێران داوای وتووێژی کردووە، کاربەدەستێکی باڵای کۆشکی سپی ڕایگەیاند " سەرۆک ترامپ گوتویەتی سەکردایەتی ئەگەریی نوێ لە ئێران ئاماژەی بەوە کردووە دەیانەوێت گفتگوگۆ بکەن" و لە کۆتاییدا سەرۆک ترامپ " وتووێژ دەکات." بەڵام دەشڵێت " بۆ ئێستا ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی بەردەوام دەبێت."
ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لەلایەن سەرۆک دۆناڵد ترامپەوە ڕاگەیەندرا بۆ بنبڕکردی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ئامانجەکانی ئەمەریکا و جیهان.
لە یەکەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی کوژرا. بە پێی ڕاگەیاندنی لەشکری ئیسرائیل چەندین سەرکردەی تری ئەو ڕژێمەش کوژروان.
پێش ئۆپەراسیۆنەکە، بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران سێ خولی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیان لە ڕێگەی نێوەندگیری عومانەوە لە مەسقەت و جنێڤ ئەنجامدا بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ پێشکەوتنێک.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی دەی ئەتلانتیک گوتی سەرکردەکانی ڕژێمی ئێران دەیانەوێت وتووێژ بکەن و گوتی "منیش وتووێژ دەکەم." هەروەها رایشیگەیاند دەبوایە زووتر ئەمەیان بکردبایە زۆر دوایانخست.
ترامپ لە لێدوانەکەیدا تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە بەشێک لەو ئێرانیانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە دانوستانەکاندا بەشدار بوون لە هەڵمەتی سەربازیی ئێستادا کوژراون.
گوتی " زۆربەی ئەو کەسانە نەماون. هەندێک لەو کەسانەی کە مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرد نەماون، چونکە ئەوە گورزێکی گەورە بوو."