هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەیان شار بەردەوامن

بە پێی ڕاپۆرتی شایەتحاڵان و سەرچاوە هەواڵییە ناوخۆییەکان، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام بوون و چەندین شوێن لە ڕۆژئاوا، ناوەڕاست و باشووری ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

شایەتحاڵان دەڵێن لە شەوی شەممەوە هەتا بەرەبەیانی یەکشەممە بە بەردەوامی دەنگی تەقینەوە لە بەندەر عەباس بیستراوە.

هەروەها لە ناوچەی کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان چەندین تەقینەوە بیستراوە و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە ئەگەری هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان دەکەن.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 'بنکەی ئیمام عەلی' سوپای پاسداران لە چابەهار کرایە ئامانج.

لە شاری ورمێش باس لەوە کرا کە فڕۆکە شەڕکەرەکان لە کاتژمێر 7ی بەیانی دەستیان بە هێرش کردووە.

لە شاری ئەسفەهان کاتژمێر 5ی بەیانی مووشەکێک بەر گەڕەکی دەروازە شیراز کەوتووە و تەقینەوەیەکی گەورەی لێکەوتوەتەوە. هەروەها بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەی خانە لە ئەسفەهان بیسترا و چەند خولەکێک دواتر فڕۆکە جەنگییەکان چیای سوفەیان لە ئەسفەهان کردە ئامانج.

لە تاران، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕاگەیەندرا کە بەرگری ئاسمانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە چالاک کراوە و دەنگی تەقینەوە بیستراوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە شاری قوم و ئەهوازیش دەنگی تەقینەوەیەکی بەرز و بەردەوام بیستراوە. هەواڵەکان باس لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەی ئەتۆمی ئەسفەهان و هەروەها هێرش بۆ سەر بارەگای یەکەی تایبەت لە ڕۆژئاوای تاران دەکەن.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە فڕۆکەیەکی جەنگی ناوچەیەکی شارۆچکەی ئازادی لە ڕۆژئاوای تاران کردە ئامانج.

کەناڵی سوپای پاسداران هەواڵی تەقینەوەی لە ناوچەیەکی تاران و ناوچەکانی لوڕستان، قوم، بوشەهر و شارەکانی ئەهواز و کەرەج بڵاوکردەوە.

هەروەها میدیاکانی ئێران سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە باسیان لە ڕوودانی تەقینەوە گەورە لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی تاران کرد.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر سیستەمی بەرگریی مووشەکی بالیستی و ئاسمانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران کۆتایی هاتووە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد مەودای ئامانجەکان فراوانتر بووە و چەندین شوێنی هەڵدانی مووشەک لە ناوەڕاستی ئێران کە پێشتر ئامانجیان نەبووە هێرشیان کراوەتە سەر، لەوانەش شوێنێکی هەڵدانی مووشەک لە ناوچەی قوم کە مووشەکی بالیستیکی تێدابووە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە زیانێکی قووڵی بە گرنگترین توانای هێرشبەری ڕژێم گەیاندووە و هەروەها جەختی لەوە کردەوە هێرشەکان بۆ سەر سیستەمی مووشەکی و بەرگری بەردەوام دەبن.

XS
SM
MD
LG