سەرۆک ترامپ لە وەڵامی هەڕەشە نوێیەکانی ڕژێمی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەکردنەوەی بەهێز ڕایگەیاند، ئەمەریکا بە جۆرێک وەڵامی دەداتەوە کە "هەرگیز پێشتر نەبینراوە."
سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "ئێران هەر ئێستا ڕایگەیاند ئەمڕۆ زۆر بەتووندی هێرش دەکەن، زۆر توندتر لەوەی پێشتر کردوویانە. وا باشترە ئەوە نەکەن."
ترامپ دەشڵێت، "ئەگەر ئەمە بکەن، بە هێزێک لێیان دەدەین کە هەرگیز پێشتر نەبینراوە. سوپاس بۆ سەرنجتان بۆ ئەم بابەتە."
هەڕەشەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بەرەبەیانی ڕژێمی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد "هێرشی هەرە گەورە" بۆ سەر ئیسرائیل و ئامانجەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بکات.
لە هەرێمی کوردستان، سەرچاوە هەواڵییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە هەولێر کە بنکەی هاوپەیمانانی لێیە.