یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری گشتی ڕایگەیاند، مارۆکۆ ڕوبیۆ ئەو سەردانەی بۆ ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو ڕۆژی دووشەمە ئەنجامی بدات.
دیڵەن جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری گشتی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "بەهۆی بارودۆخەکەوە، وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ چیتر سەردانی ئیسرائیل ناکات لە ڕۆژی دوشەممە."
هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە دەستیان کرد بە لێدانی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە ئەنجامدا عەلی خامنەیی کوژرا.
وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی تری ئەمەریکا چاودێری هێرشەکانی دەکرد.
پێشتر نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە ئیسرائیل خۆپارێزی پێویستی بۆ کارمەندان و هاوڵاتیانی ئەمەریکایی لە وڵاتەکە ڕاگەیاند.
ڕۆژی هەینی مایک هەکەبی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل لە ئیمێڵێکیدا بە کارمەندەکانی گووت ئەگەر بیانەوێت بەهۆی بارودۆخەکەوە ئیسرائیل بەجێبهێڵن ئەوا دەبێت هەر ئەو ڕۆژ بڕۆن.