Accessibility links

سعودیە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ڕیاز بە ترسنۆکانە و ناڕەوا ناودەبات

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە بەیاننامەیەکدا هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ناوچەی ڕیاز و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی بە "ترسنۆکانە" ناودێر دەکات و بە توندی سەرکۆنەی دەکات.

سعودیە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە بەرپەرچی ئەم هێرشانە دراوەتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کارانە "بە هیچ بیانوویەک یان بە هیچ شێوەیەک" پاساو هەڵگر نین و وڵاتەکە مافی خۆیەتی وەڵامی ئەم "دەستدرێژییە" بداتەوە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە سەرەڕای ئاگاداری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵوێستی فەرمی ڕیاز ئەنجام دراون.

سعودیە پێشتر جەختی لەوە کردبووەوە کە ڕێگە نادات ئاسمانی وڵاتەکەی یان خاکەکەی بۆ بەئامانجگرتنی ئێران بەکاربهێنرێت.

دوابەدوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە لە بەرامبەردا شەپۆلێکی هێرشی مووشەکیی بۆ سەر ئیسرائیل و هەروەها بنکەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG