Accessibility links

پزیشکان و پەرستاران باس لە ئەزموونی خۆیان دەکەن لە دەمی خۆپیشاندانە خوێناوییەکەی ئەمدواییەی ئێراندا

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا باس لە ئەزموونی چل پزیشک و پەرستار دەکات کە لە دەمی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییانەی ئێراندا چۆن ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە بۆ ڕزگارکردنی خۆپیشاندەران.

ڕاپۆرتەکە لەسەر زاری کارمەندانی بەشی پزیشکی ئێران، لە ١٤ شار و ١١ پارێزگا نوسراوە و بۆ پاراستنی گیانیان ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە. ئەوان باس لە ئەزموونەکانی خۆیان دەکەن لە دەمی تیمارکردنی خۆپێشاندەرانی کە بەهۆی سەرکوتکردنەکانی هێزەکانی ڕژێمەوە برینداربووبوون. هەروەها ئاماژە بەو مەترسیانەش دەکەن کە لە لایەن حکومەتەوە لەسەریان بووە.

یەکێک لە کارمەندەکان بیرەوەری خۆی ئاوا دەگێڕێتەوە "خەڵک تەرمەکانیان لە شەقامەکان و کۆڵانەکانی دەورووبەر کۆدەکردنەوە و بۆ ئێمەیان دەهێنان. لە نێویاندا تەنانەت منداڵێکی تازە لە دایکبوو بریندار ببوو. کچێکی تەمەن حەوت ساڵان لە باوەشمدا گیانی لەدەستدا. سەد کەس لە نەخۆشخانەی ئێمە گیانیان لەدەستدا."

نووسەرێکی ئەم ڕاپۆرتە دەڵێت کە تۆرێکی پزیشکەکان بە نەهێنی دەستیان بە کۆکردنەوەی بەڵگەکان کرد کە سەدان دیمەن لە ستەمکاری کۆماری ئیسلامی دەگرنەوە و ئەمەش شتێکە کە حکومەت نایەویت بیبینێت.

نوسەرەکە دەشڵێت یەکێک لەو پزیشکانەی خەریکی بە بەڵگەکردنی ڕووداوەکان بوو، لە پەیامێکدا لیستی ناوی نەخۆشخانەکان و ژمارەی کوژراوەکانی بەم شێوەیە بۆ نوسیبووم، "میلاد، دەوری ٧٠. ئیمام حوسێن، ٧٠. ئیبن سینا، ٢٣؛ لەبافی نەجاد، حەوت؛ فەیاز بەخش، ١٥؛ شەهریار، ٣٢. هەڵبەت دەستبەجی تێگەیشتم کە مەبەست لەو ژمارانە کوژراوەکانن و دیار بوو حکوومەت خەڵکی خۆی دەکوشت. بە چاوی خۆم دیم کە پێنج کەس کەوتنە سەر زەوی. لەپێشدا، پێم وا بوو ڕەنگ بێت بریندار بووبن، بەڵام دیتم مێشکیان پژرابوو و بە گۆڕێ وەرببوو. بە قەڵەم (ماژیک)ی سوور لە سەر زگیم نووسی: نەناسراوی یەک؛ نەناسراوی دوو......."

ئەو کارمەندە هەروەها دەڵێت "ئێمە تەرمەکانمان لە هۆدەیەک دادەنا. چەند کاتژمێر دواتر، تەلەفۆنە دەستییەکانی ئەو کوژراوانە بەردەوام زەنگی لێدەدا. ئێمەش لە دەرەوە وەستابووین و دەگریاین."

دکتۆر و پەرەستارەکان لە ئێران، لە دەمێکدا شایەتحاڵی ڕووداوەکان بوون و ئەو بریندارانەیان چارەسەر دەکرد کە بۆ نەخۆشخانەکانیان دەبران، بەڵام ئەوان لە دۆخێکی زۆر تایبەتییدا بوون کە ئەوەی بە چاوی خۆیان دەیبینن تۆماری بکەن.

ئەوان ٥٠٠ بەڵگەیان کۆکردووەتەوە کە ٣٠٠ لەوانە بە دەستڕێژی گولە کوژرابوون.

یەکێک لە کارمەندەکانی دیکەی پزیشکی لە ئەزموونی خۆیدا دەڵێت: "تەرمێکیان هی دایکێک بوو کە گولە بە سک و قاچی کەتبوو لە دەمێکدا هەوڵیدابوو خۆی بۆ کوڕەکەی بکات بە پەرژین. یەکێکی دیکە پەرستارێک بوو کە ویستبووی دوای تەواوبوونی کارەکەی نەخۆشخانە بەجێبهێڵێت بەڵام هێزەکانی ئاسایس دەسترێژیان لێ‌کردبوو."

ئەو دەڵێت، هەروەها دیمەنی زیاتر لە ١٠ مێرمنداڵ و منداڵمان پێ‌گەیشت کە بە گولەی ساچمە و تەقەمەنی دیکە تەرمەکانیان دابێژدابێژ ببوون.

یەکێکی دیکە لە پەرستارەکان سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەت لەو ڕۆژە سەختانەدا ئاشکرای دەکات کە "زۆر جاری وا هەبوو کە کەسانی سەر بە ئاسایش بە جلوبەرگی ئاسایی (لباس شخصی) خۆیان دەکرد بە نێو ژووری پێڕاگەیشتنی تەنگەتاوی نەخۆشخانە، هەموویان کەڵاشینکۆف بەدەست، هەڕەشەیان لە کارمەندان و نەخۆشەکان دەکرد. هەڵبەت بەدوای ئەو خۆپێشاندەرانەدا دەگەڕان کە لە خۆپێشاندانەکاندا بریندار ببوون. پزیشکەکان دەبووایە ڕێگایەک بۆ پارێزگاریکردن لە ئەو بریندارانە بدۆزنەوە. بۆ نموونە کەسێک کە برینەکە لەسەریدا بوو، دکتورەکان بە مەبەست ئەوەیان وەک ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕاپۆرت دەکرد، بۆ ئەوەی وەک خۆپێشاندەرێکی بریندار نەناسرێت، ئەگینا کەسانی ئاسایش لەگەڵ خۆیاندا دەیانبرد.‌"

لە لایەکی دیکەوە، لە دەمێکدا پزیشکەکان لە هەوڵدا بوون بریندارەکان ڕزگار بکەن، دەبووایە نیگەرانی گیانی خۆشیان ببن؛ پزیشکەکانیشیان دەستبەسەر دەکردن چونکە لە ماڵی خۆیان، لە ئافیس یان ناوەندی دەرمانی بریندارانیان تیمار دەکرد.

ڕاپۆرتەکە لە کۆتایی دا دەنووسێت: حکوومەت لە دوو ڕێگاوە دەیەویست خۆپێشاندانەکان کپ بکات، یەکەم، خۆپێشاندەران بکوژن و پاشان هەوڵ بدەن بەڵگەکان لەناو ببەن.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ شەوی سێشەممە لە میانەی وتاری ساڵانەیدا لەسەر ڕەوشی وڵات لە بەردەم کۆنگرێس ڕایگەیاند لە سەرکوتکردنی خوێناوی ڕاپەڕینی سەرتاسەری ئێراندا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم 32 هەزار خۆپیشاندەریان لە ناوخۆی وڵاتدا کوشتووە.


XS
SM
MD
LG