لەسەرەتای ئەم هەفتیەدا سەرۆک دۆناڵد ترامپ فڕۆکەوانێکی ئەمەریکایی خەڵات کرد بەهۆی ئەو ڕۆڵە گرنگەی بینیویەتی لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی.
فڕۆکەوان ئێرک سلۆڤەر بە جلوبەرگی سەربازیەوە لە 24 مانگی دووی ساڵی 2026 لە میانەی وتاری ساڵانەی سەرۆک ترامپ بەرزترین خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرت. ئەو سەربازە سەرەڕای ئەوەی 15 گولـلەی بەرکەوت، کەچێ کۆڵی نەدا و بەردوام بوو لەکارەکەی .
هێزەکانی ئەمەریکا لە بەرەبەیانی 3ی مانگی یەکی ساڵی 2026 ئۆپەراسیۆنی ئابسڵوت ریزۆڵڤیان لە شاری کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا ئەنجام دا بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مەدورۆ و سلیا فلۆرسی هاوسەری لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا.
سلۆڤەر یەکەم فڕۆکەوان بوو لە پرۆسەکەدا کە هەلیکۆپتەرەکەی گەیشتە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی، کە لەوکاتەدا بەشێوەیەکی توندوتۆڵ پاسەوانی لێ دەکرا. هەلیکۆپتەرەکەی سلۆڤەر دەستبەجێ لە هەموولایەکەوە کەوتە بەر دەستڕێژی گولـلەی پاسەوانەکان.
لە ئەنجامیدا، سلۆڤەر 15 گولـلەی چەکی قورسی بەرکەوت و بەخەستی بریندار بوو، بەڵام هەرکۆڵی نەدا و لە کۆنتڕۆڵکردنی هەلکۆپەرەکەی بەردەوام بوو.
بەهۆی ئەم کردە پاڵەوانیەوە، هاوڕیکانی، کە لە ئۆپەراسیۆنەکە لەگەڵی بوون و ژمارەیان نەزانراوە، توانیان بەسلامەتی لە کۆپتەرەکە دابەزن و هەڵمەتەکە بەسەرکەوتویی ئەنجام بدەن.
لە هەڵمەتە سەرکەوتوەدا مەدۆرۆ و هاوسەرەکەی دەستگیرکران و ڕەوانەی شاری نیۆرک کران و لەوێ ڕووبەڕووی دادگا کرانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی بە تیمی سەربازی ئەمەریکا بکەوێت.
ئەمە یەکەم چیرۆکی پاڵەوانێتی سلۆڤەر نیە، بەڵکو لەساڵی 2009 لە ئەفغانستان لەمیانەی هەڵمەتێکی ڕزگارکردندا لە ناوچەی بادغیس لە ئەفغانستان، چەکدارەکان گولـلەیەکی ئار پی جییان هەڵدا بۆ ناوهەلیکۆپتەرەکەی بەڵام گولـلەکە نەتەقیەوە و لەگەڵ ئەم مەترسیە گەورەیەشدا کەچی ئەو هەر بەردەوام بوو لە گەشتەکەی و بەسەلامەتی نیشتەوە.
جێی باسە سلۆڤەر هەتا ئێستا چەندین مەدالیای ڕێزلینانی وەرگرتووە بەهۆی ئەو خزمەتە سەربازییەی پێشکەشی هێزەکانی ئەمەریکای کردووە.