Accessibility links

ئەو فڕۆکەوانە کێ بوو کە سەرۆک ترامپ لە وتاری ساڵانەیدا بەرزترین خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشی؟

ئیلمەر ڕۆیس ولیەمز
ئیلمەر ڕۆیس ولیەمز

سەرۆک ترامپ شەوی سێشەممە لە میانەی وتاری ساڵەنەیدا لەبەردەم کۆنگرسی ئەمەریکا، مەدالیای رێزلینانی بەخشی بە فڕۆکەوانێکی تەمەن 100 ساڵ کە نزیکەی 73 ساڵ لەمەوبەر لە جەنگێکی ئەمەریکادا بوو بە پاڵەوان.


ڕۆیس ولیەمز کێیە؟

ئیلمەر ڕۆیس ولیەمز لە شەڕی کۆریا لە ساڵی 1952 لە ئەسماندا ڕووبەڕووی حەوت فڕۆکەی یەکێتی سۆڤیەت بووەوە، ئەو جەنگەی کە شارەزایانی سەربازی بە گەورەتین و سەرسوورهێنەرتین شەڕ ناوی دەبەن لە مێژووی هێزی ئاسمانی ئەمەریکادا. فڕۆکەوانە ئەمەریکاییەکە بە تەنها توانی شەش فڕۆکەی ڕووسی تێکبشکێنێت.

ولیەمز ڕۆیس خۆی و براکەی ئارەزووی فڕۆکەوانیان هەبووە، هەربۆیە هەردووکیان لەشەڕی دووهەمی جیهانی وەک فڕۆکەوان بەشداریان کردوە.هەرچەندە کە مەشقی فڕۆکەوانی ولیەمز پچڕا بەهۆی چوونی بۆ پەیمانگا لە مینەسۆتا، بەڵام لە مانگی هەشتی ساڵی 1945 لە هێزی ئاسمانی پەنسکالە بوو بە فڕۆکەوان و لەوێوە فێری فڕاندنی فڕۆکەی جەنگیF9F-5 Panther بووە.

ئەو وەکو فڕۆکەوان بەشداری شەڕی کۆریای کردوە و لە 70 هێرشدا بەشدار بووە.

ئەو ڕووداوەی کە ڕۆیس ولیەمزی کرد بە پاڵەوان ڕۆژی 18ی مانگی یازدەی ساڵی 1952 بوو، کاتێک فڕۆکەوانەکە لە ئاسمانی شاری هیور یۆنگی کۆریای باکور بە تەنها ڕووبەڕووی حەوت فڕۆکەی یەکێتی سۆڤیەت لە جۆری MIG-15.

حەوت فڕۆکە ڕووسییەکە پەلاماری ولیمەسیان دا و بۆ ماوەی 35 خوولەک شەڕێکی ئاسمانی سەخت بەردەوام بوو. باوەڕدەکرێت ئەم پێکدادانە درێژخایەنترین شەڕی لەم شێوەیە بێت لە مێژووی ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا.

فەرماندارەکانی لە ڕێگەی پەیوەندییەوە داوایان لە ولیمەس کرد ئەو ناوە بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو پێی ڕاگەیاندن تازە لە ڕووداوەکە گلاوە و "شەڕی مان و نەمان" دەکات.

لە ئەنجامدا، چوار لە فڕۆکەکانی خستەخوارەوە و وا پێدەچێت دوو فڕۆکەی تریشی پێکابێت. هەتا ئێستا هیچ فرۆکەوانێک نەیتوانیوە بە تەنها ئەم ژمارەیە لە فڕۆکە لەیەک هێرشدا بخاتە خوارەوە.

لە کۆتایی شەڕەکەدا و کاتێک تەنها یەک فڕۆکەی ڕووسی مابوویەوە، ولیمەس هیچ فیشەکی پێنەما و ناچار بوو شوێنەکە جێبهێڵێت و توانی خۆی ڕزگار بکات.

ڕووداوەکە 50 ساڵ بە نهێنی مایەوە

کاتێک گەڕایەوە بۆ بنکەکەی، ولیمەس هیچ زیانێکی پێنەکوتبوو بەڵام 263 جێگە گوولە بە فڕۆکەکەیەوە بوون.

هەر لە بنکەکەدا فەرمانی پێکرا بێدەنگی لە ڕووداوەکە بکات و باسی نەکات. لە چەند ساڵی دوای ڕووداوەکە، ولیەمز تەنانەت لای هاوسەرەکەی و براکەشی ئەم نهێنییەی نەدرکاند.

چیرۆکی ئەم ڕووداوە سەرسوڕهێنەرە هەتا ساڵی 2002 بە نهێنی مایەوە. هۆکاری شاردنەوەی ئەو ڕووداوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یەکێتی سۆڤیەت بەڕەسمی لە جەنگی کۆریادا نەبوو، بەڵام شەڕی ساردی نێوان ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت لەوکاتەدا لە لووتکەدا بوو. فەرماندە سەربازییەکان نیگەران بوون لەوەی ئاشکرابوونی ئەم ڕووداوە ببێتە هۆی "کێشەی گەورەتر" لە نێوان هەردوو وڵاتی زلهێز.

بەڵگەنامە بڵاوکراوەکانی ئەمەریکا ئەوکات ڕایانگەیاندبوو ولیەمز تەنها یەک فڕۆکەی خستووەتە خوارەوە، هەر بۆیە لەساڵی 1953 دا خەڵاتی 'سیلڤەر ستاری' پێبەخشرا.

بەڵگەنامەکانی یەکێتی سۆڤیەتیش کە لە پاش ڕووخانی یەکێتیەکە بڵاوکرانەوە، ئاماژە بەوە دەکەن لەو ڕووداوەدا تەنها یەکێک لەو حەوت فڕۆکەیە گەڕاوەتەوە.

ڕۆیس ولیەمز خەڵاتی بەرزی نەیڤی کرۆسی پێبەخشرا.
ڕۆیس ولیەمز خەڵاتی بەرزی نەیڤی کرۆسی پێبەخشرا.

بەرزکردنەوەی پلەی ڕێزلێنان

لەمانگی دوازدەی ساڵی 2022، لە کاتێکدا ئەم ڕووداوە هیچی تر نهێنی نەبوو، سوپای ئەمەریکا خەڵاتە کۆنەکەی ولیەمزی گۆڕی بۆ پلەیەکی بەرزتر و مەدالیای نەیڤی کرۆسی پیبەخشرا. ئەو کات خەڵاتەکە لەلایەن وەزیری هێزی دەریایی ئەمەریکا کارۆلس دیل تۆرۆ پەسەند کرا.

لە 4ی مانگی دووی ساڵی 2026 ئەندامی کۆنگرس دێڕل ئایسە ڕایگەیاند سەرۆک دۆناڵد ترامپ پشتڕاستی کردۆتەوە کە خەڵاتی ڕێزلێنان دەبەخشێتە ولیەمز.

ڕۆژی 24ی دووی 2026 لەکاتی وتاری ساڵانەی سەرۆک، خانمی یەکەم مەلانیا ترامپ لە کۆنگرێس و لەبەردەم چاوی میدیاکان خەڵاتەکەی خستە ملی ولیەمز، وە لە پنتاگۆنیش ناوی چووە ڕیزی پاڵەوانان.

جێی ئاماژەیە، ولیەمز تاکە وەرگری خەڵاتی ڕێزلێنانی شەڕی کۆریایە کە هەتا ئێستا لە ژایاندا مابێت.

XS
SM
MD
LG