Accessibility links

مەزندە دەکرێت زیاتر لە 70 گوندی کورد لە نزیک کۆبانی تاڵان کرابن

چالاکوانانی شاری کۆبانی ڕایدەگەیەنن، تاڵانکردنی موڵک و ماڵی هاوڵاتیانی دەربەدەری گوندەکانی کۆبانی بەردەوامە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن ئەو تاڵانە ڕابگرن.

ڕێکخراوی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، تاڵانکردن لە زیاتر لە 70 گوندی دەوروبەری کۆبانی بەردەوامە.

ڕۆژنامەنووس دەلیل ڕەمەزان دەڵێت، “لە کۆی 110 بۆ 120 گوندی باشووری کۆبانی کە لەژێر کۆنترۆڵی چەکداراندان، 100 گوند تاڵان و وێران کراون."

ئەو ڕۆژنامەنووسەی نیشتەجێی کۆبانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو ژن و پیاوانەی لە ماڵەکانیان دەرنەچوون، لێیان نزیک نەبوونەتەوە و باری تەندروستیان باشە، بەڵام خانووە چۆڵەکان بە تەواوی تاڵان کراون."

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، "ئەندامانی لیوای حەمزات و لیوای عەمشات کە لەژێر سایەی وەزارەتی بەرگری سوریا کاردەکەن، لە گوندی زێریکە لە باشووری کۆبانی ئەوەی توانیویانە تاڵانیان کردووە."

ڕێکخراوەکەی چاودێری مافی مرۆڤ دەشڵێت، "لە کردەی تاڵانکردنەکەدا سەرجەم ئامێرە کشتوکاڵییەکانی گوندەکە، لەوانەش تراکتۆر و مەکینەی دروێنە و کەرەستەی کشتوکاڵی تر، وە کەلوپەلی ناوماڵ بە دەرگا و پەنجەرەوە دزراون، چەکدارەکان تەواوی ماڵەکەیان تاڵان کردووە و دواتر ئاگریان تێبەرداون".

ساڵحی چەلەبی ئاوارەی یەکێک لە لادێکانی کۆبانییە و ئێستا لەگەڵ ژمارەیەک ئاوارەی تر لە قوتابخانەیەک لە شاری کۆبانی دەژین. ئەویش دەڵێت گوندەکەی تاڵان کراوە.

ساڵحی چەلەبی بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "گوندەکەمان تاڵان کرا، تەنانەت جلوبەرگەکانیشمانیان برد، هیچیان بەجێنەهێشت، ئاگریان لە ماڵەکان بەردا. هێشتا شەڕ هەیە، ئێمە وێران بووین و دۆخەکەمان زۆر خراپە".

دژوار کۆبانی، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە دەڤەری فورات، دەڵێت ئێستاش لە هەندێک گوند بەدرێژایی ڕێگای M4 شەڕ و پێکدادان بەردەوامە و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی هاوڵاتیان ڕانەگیراوە

پەیکەری ژنی ئازاد لە ناو شاری کۆبانی.
پەیکەری ژنی ئازاد لە ناو شاری کۆبانی.

ئەو بەرپرسەی یەپەگە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئێمە وەک یەپەگە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی هەبووە و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە خراپتربوونی شەڕ، لەو گوندانە کشاینەوە و لە ئەنجامی نەبوونی هێزەکانمان لەوێ ڕێگە بۆ ئەو تاڵانکردنانە خۆش بووە."

هەروەها ڕۆژنامەنووس دەلیل ڕەمەزان دەڵێت ماڵە کوردەکانی تەبقە و ڕەقەش ڕووبەڕووی کردەوەی هاوشێوە لە تاڵان و بڕین بوونەتەوە.

بەرپرسێکی حکومەتی سوریا کە بنکەکەی لە دیمەشقە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان زۆر ڕژدن لەسەر کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەوێ و هەوڵدەدەن ڕێگری لە هەر دزیکردنێک یان تاڵانکردنێک بکەن کە ڕەنگە بەرامبەر هاوڵاتیان هەبێت".

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا پەیوەندی بە بەرپرسانی ئاسایشی ناوخۆیی ئەو ناوچانە بکات، بەڵام هەتا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.


ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن ساڵح دەمیجەر لە واشنتن ئامادەکراوە.

XS
SM
MD
LG