ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە خولێکی دیکەی وتووێژەکانیان لە ژێنێڤ ئەنجام دا بۆ ئەوەی لە سەر پڕۆگرامی ناوکی ئێران بە ڕێکەوتنێک بگەن و پێش بە شەڕ بگیرێت، لە دەمێکدا ئەمەریکا کۆمەڵێک فڕۆکە و کەشتی جەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆکردوونەتەوە.
لە دەمێکدا ئێران پێداگرە و دەڵێت پیتاندنی یۆرانیۆم مافی خۆیەتی، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ چوارشەممە گوتی، "بۆ ئێستا، ئێران کاری پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، چونکە دوو ناوەندی سەرەکی ئێران بۆ پیتاندنی یورانیۆم لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەی مانگی شەشی پارەکە لە لایەن هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکادا بە توندی زیانیان پێگەیشت."
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بگاتە پلەی سفر، بەڵام تیمەکەی ئەمەریکا شیانی هەیە دەستی ئاوەڵا بێت لەوەی ڕێگا بە ئێران بدات کارگەی ناوکی لە تاران وەگەڕ بخاتەوە و بتوانیت پرۆسەی پیتاندن لە پلەیەکی نزمدا بۆ مەبەستە پزیشکییەکان تەرخان بکات.
ڕۆژنامەی ئەسۆشییەتد پرێس ئاماژە دەکات ئێرانیش هیوادارە پێش بە شەڕ بگرێت، بەڵام نایەویت سەبارەت بە بابەتەکانی وەک پرۆگرامی موشەکی مەودا دوور یان پشتیوانی بۆ گرووپەکانی وەک حەماس و حزبوڵا گفتوگۆ بکات.
بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەمەریکا وەک بەشێک لە رێککەوتن تەنیا لایەنی کەمی سزاکان لە سەر ئێران سووک دەکات، کە ئەمەش خاڵێکی دیکەی جێگەی ناکۆکییە، لە دەمێکدا ئێران لە دۆخێکی خراپی ئابووریدایە کە وای کرد خۆپێشاندانەکان سەرهەڵبدەن و حکومەت بهەژێنن. بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئامانجیانە ئێران بو ماوەیەکی درێژخایەن پابەندی مەرجەکان بێت و ئەگەر ئەوە مسۆگەر کرا، ئەو کات ئێران دەتوانێت لە کاتی خۆیدا داوای کەمکردنەوەی زیاتری سزاکان بکات.
ئەسۆشییەتد پرێس دەشڵێت هێشتا ئێران دەبێت ڕایبگەیەنێت کە چی بە سەر یۆرانیۆمی پیتێندراوی هاتووە یان ڕێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدات کە ناوەندە بۆمبارانکراوەکانی ناوکی ئێران بپشکنن.