بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران ڕۆژی پێنجشەممە خولی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکانیان لە ژنێڤ دەستپێکرد کە وەک دوا هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە ململانێی سەربازی لە نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت.
خولی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەکانی ڕێوشوێنی سەربازی ئەمەریکایە، ئەمەش ئەگەر ڕێککەوتنێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەتوانێت سەربگرێت.
دوو فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکایی لە ئێستادا لە نزیک ئێران جێگیر کراون.
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی چوارشەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان سەبارەت بە پێشنیارەکانی تاران لە وتووێژ لەگەڵ ئەمەریکا قسەی کرد.
بڕیارە عەراقچی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی و جەرێد کوشنەر،ئەندامی سەرەکی شاندی ئەمەریکا کە دانوستان لەگەڵ ئێران دەکەن، کۆببێتەوە. نوێنەرانی عومانیش وەک خولەکانی پێشوو ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕن.
هەردوولا ماوەیەک پێش ئێستا لە عومان وتووێژی ناڕاستەوخۆیان سەبارەت بە پرسی ناوکی ئەنجامدا. یەکەم دانوستان دوای شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل و بۆردومانی سێ دامەزراوەی ئەتۆمی گەورەی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە هات. خولی دووەمی دانوستانەکان لە 17ی مانگی دوو لە ژنێڤ بەڕێوەچوو.
بەڵام دوو خولی پێشووی دانوستانەکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەدواوە نەبوو و ناکۆکی سەرەکییەکانیش تا ئێستا چارەسەرنەکراون.
لە میانەی دانوستانەکاندا ئەمەریکا خوازیاری ئەوەیە ئێران بە تەواوی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و دەستبەرداری نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت، ئەم ڕێوشوێنانە ڕێگری لە تاران دەکات کە چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێ.
بەڵام مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند " دوای ئەوەی کە بەرنامە ئەتۆمیەکەیان تێکشکێنرا، پێیان گوترا کە هەوڵی دووبارە دەستپێکردنەوەی مەدەن، بەڵام دەبینیت بەردەوام هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی بەشێکی دەدەن."
ئاماژەی بەوەشکردووە تاران ئێستا پیتاندن ناکەن، بەڵام هەوڵدەدەن بگەنە ئەو ئاستەی کە لە کۆتاییدا بتوانن ئەو کارەش بکەن.
ڕوبیۆ وتی "لە کاتێکدا کە تەوەری سەرەکی دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەبێت، پرسی مووشەکەکانی ئێرانیش دەبێت لە دانوستانەکاندا چارەسەر بکرێت، چونکە تاران هەزاران مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای هەیە کە دەتوانێت بگاتە بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا".
هەروەها ڕوونیشیکردەوە، لێدوانەکەی ترامپ لە میانەی وتاری ساڵانەدا کە ئێران "کار لەسەر ئەو مووشەکانە دەکات کە بەم زووانە بتوانێت بگاتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا"، وتی ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێران لە ئێستادا خاوەنی ئەو جۆرە چەکانە، بەڵکو "ئەوان لەسەر ڕەوتێکن بۆ ئەوەی ڕۆژێک بتوانن ئەو چەکانە پەرەپێبدەن کە توانای گەیشتنیان بە خاکی ئەمەریکای هەبێت".
هاوکات بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بە ئاماژەدان بە فەتوای عەلی خامنەیی سەبارەت بە قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، جەخت لەسەر سروشتی ئاشتیخوازانەی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی دەکاتەوە و دەڵێن تەنیا بە مەبەستی ئاشتیانەیە، لەوانەش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبایە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشنیارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ژنێڤ لە بنەڕەتدا جیاوازییەکی بنەڕەتییان لەگەڵ پێشنیارەکانی پێشوو نییە و بە کردەوە نزیکە لەو ڕێککەوتنەی کە دۆناڵد ترامپ ساڵی 2018 لێی کشایەوە.
مەسعوود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "کاتێک سەرکردایەتی چەکی ئەتۆمی قەدەغە کردووە، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمی نابێت؛ تەنانەت ئەگەر منیش بمەوێت، ناتوانین هەمانبێت."
لە هەمان کاتدا عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی بەرگریی کۆماری ئیسلامی، وتی "ئەگەر پرسی سەرەکی دانوستانەکان شکستی ئێران بێت لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ فەتوای ڕێبەری و دوکتورینی بەرگریی و ڕێککەوتنی دەستبەجێ لە ئارادیە."
خولی سێیەمی وتووێژەکانی تاران و واشنتن لە ژنێڤ؛ هەوڵە کۆتایییەکان بۆ ڕێگریکردن لە ململانێی بەرفراوان