Accessibility links

گرژی نێوان ئەمەریکا و ئێران، هێرش یان ڕێککەوتن؟

لە دەمێکدا خولێکی دیکەی وتووێژی ناوەکی لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا بۆ بەیانی پێنجشەممە دیاری کراوە، 12 فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکایی لە چەشنی ئێف – 22 گەیشتنە بنکەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل.

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ئاماژە دەکات کە ئەم فڕۆکانە بە باشترین جۆری فڕۆکەی جەنگی ناسراون چونکە کرداری لەشکری بە شێوەیەکی خێرا و هەم تەواو بە نهێنی بەڕێوە دەبەن.

ئەمەریکا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هەرە کەشتی گەورەی فڕۆکەهەڵگری خۆی بۆ کەناری ئیسڕائیل نارد. لە هەمان کاتدا، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران سێشەممە لە وەڵامی هۆشداری سەرۆک ترامپ بە ئەنجامدانی هێرشی سنوورداری لەشکری گوتی وەڵامی وڵاتەکەی بۆ هەر هێرشێک "زۆر سەخت دەبێت."

کاووس عەزیزی، چالاکوانێکی سیاسی لە دانیمارک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هۆکاری ناردنی ئەو هێزە زۆرەی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی "لە ئەگەری هێرشێکی هەوایی و مووشەکی بۆ سەر هەندێک ئامانجی دیاریکراو لە نێو خاکی ئێراندا، هەم ئەمەریکا و هەم ئیسڕائیل ئامادەکاری زیاتر بکەن."

عەزیزی ئاماژەی دا کە ئەم دۆخەی ئێستا لەگەڵ سەردمی شەڕی 12 ڕۆژە جیاوازە. "جاری پێشوو نە ئێران ئامادەکارییەکی باشی بۆ وەڵامدانەوە هەبوو کە بتوانێت زوو کاردانەوەی لەشکری هەبێت، وە نە وڵاتانی ناوچەکەش خۆیان ئاوا ڕێکخستبوو کە بتوانن کۆسپ بۆ هێزەکانی ئەمەریکا درووست بکەن."

عەزیزی شی دەکاتەوە کە "ئەم جارەیان ئەمەریکا ناچارە بەر لە دەستپێکردنی هەر هێرشێک کۆمەڵێک دەوڵەتی ناوچەکە ئاگادار بکاتەوە کە زۆربەیان دۆستی کۆماری ئیسلامین، یان نایانەوێت کۆماری ئیسلامی لەوە زیاتر لاواز بێت و تەنانەت ئەو دەوڵەتانە بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان کاردانەوەیان دەبێت."

ئەو دەڵێت دەوڵەتە زلهێزەکانی وەک چین و ڕووسیا، کە جاری پێشوو لە شەڕی 12 ڕۆژەدا بە سەر دۆخەکەدا کەوتن، ئێستا بە جۆرێک هەڵوێستیان وەگرتووە کە ناکرێت ئەمەریکا پشتگوێی بخات.

بە تێڕوانینی ئەم چالاکەی سیاسی، مەبەستی ئەمەریکا لە هێنانی ئەم هێزە زۆرە بۆ ناوچەکە ئەوەیە دەرفەتێک بڕەخسێنێت کە "کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمەریکا ڕێک بکەوێت و شەڕ ڕوونەدات."

لە هەمان کاتدا، سەرۆکی ئەمەریکا شەوی سێشەممە لە گوتاری ساڵانەیدا گوتی، "لەگەڵ ئەوان [کۆماری ئیسلامی] لە وتووێژ داین. ئەوان دەیانەویت بە ڕێککەوتنێک بگەن، بەڵام لێمان نەبیستوون بڵێن، 'هەرگیز چەکی ناوکیمان نابێت.'"

عەزیزی جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەگەر ئێران ئامادەی ڕێککەوتن نەبێت، شیانی هەیە، "هەندێک شوێنی دیاریکراو لە ناو ئێراندا بکرێنە ئامانج کە دەتوانرێت کاربەدەستانی باڵای ڕژێمیش لە نێو ئەو شوێنانەدا بن."

هەروەها دەشڵێت ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا بە دەستکەوتێک نەگات، کاریگەری باشی بۆ ئەمەریکا بەدوادا نابێت و مەزنایەتی جارانی نامێنێت.

بەو حاڵەش، ئەو چالاکە پێی وایە کۆماری ئیسلامی تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، "بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە" لەگەڵ ئەمەریکا بە ڕێککەوتنێک دەگات.

XS
SM
MD
LG