Accessibility links

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: لە ئێران 30 کەس مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی(Amnesty International) لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە کاربەدەستانی ئیران دەکات دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی هەشت کەس لەو وڵاتە ڕابگرن، ئەمەش دوای ئەوەی کەسەکان لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دەستگیر کران و ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕێکخراوەکە ئەمە بۆ کاربەدەستانی ئێران بە ئەرکێکی جەختکراو دەزانێت و داوا دەکات دەستوری لەسێدارەدانی ئەوکەسانە هەڵبوەشێننەوە و بەخێرایی کۆتایی بە ئەشکەنجە و دادگای ناڕەوا لە دژی لانیکەم 22 کەسی دیکە بهێنێت کە لە پەیوەند بە خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراون.

ئەو ڕێکخراوە زانیاری سەبارەت بە لانیکەم 30 کەسی کۆ کردۆتەوە کە ڕووبەرووی سزای مەرگن، ئەوانەی گویا پەیوەندییان بە خۆپێشاندانەکانی مانگی ڕابردووەوە هەبێت.

زانیارییەکە هەشت لەو کەسانەش دگرێتەوە کە ئەم مانگە دەستگیرکراون و دوای چەند حەفتە ئەو سزایەیان بەسەردا سپێندراوە.

ناوی ئەو کەسانە بریتین لە ساڵح محەممەدی، تەمەن 18ساڵ، محەممەد ئەمین بیگلەری، تەمەن 19، عەلی فەهیم، عەبدولفەزل ساڵحی سیاوەشانی، ئەمیر حوسێن حاتەمی، شاهین واحێدپەرست کۆلهۆڕ، شەهاب زوهدی و یاسر ڕەجائی‌فەڕ.

هەروەها ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە دەکات کە لانیکەم 22 کەسی دیکە، لە نێویان دو مێرمنداڵی تەمەن 17 ساڵان، لە مەترسی سزای مەرگدان.
دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری هەرێمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی "بە کەڵکوەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان، لە هەوڵی ترس و توقاندن و تێکشکاندنی ورەی ئەو کەسانەیە کە خوازیاری گۆڕانە بنەڕەتییەکانن."

XS
SM
MD
LG