مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڕیارە سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا ئەندامانی باڵای کۆنگرێس - یان "گرووپی هەشت کەسی" لەبارەی ئێرانەوە ئاگادار بکاتەوە. بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا ئەمە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئەمەریکا خەریکی تاوتوێ کردنی بژاردەی ئەگەری کردەوەی سەربازییە لە دژ کۆماری ئیسلامی.
"گرووپی هەشت کەسی" ئاماژەیە بۆ ئەو هەشت ئەندامی باڵای کۆنگرێسی ئەمەریکا کە بەپێی یاسا ئاگاداری نهێنیترین زانیارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکانن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێت و سەرکردەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سینات لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی باڵای لیژنە هەواڵگرییەکانی هەردوو ژوورەکە ئامادە دەبن. دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە کە بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێنرێت قسەیان کردووە، هەواڵەکەیان پشتڕاستکردوەتەوە.
بڕیارە ئەم دانیشتنە تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا وتاری ساڵانەی خۆی لە کۆنگرئیس پێشکەش بکات، ئەنجام بدرێت.
حکوومەتی ئەمەریکا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بوونی سەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد کردووە و لە هەمان کاتدا بیر لە ئەگەری کردەوەی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە. هەرچەند ترامپ تا ئێستا باسی بڕیاری کۆتایی لەو بارەوە نەکردووە، بەڵام هۆشداری داوە کە ئەگەر تاران لەسەر بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمی خۆی نەگاتە ڕێککەوتن، "شتێکی زۆر خراپ" ڕوودەدات.
پۆلیتیکۆ دەڵێت ئەم جموجوڵانە ئاماژەن بۆ زیادبوونی ڕاوێژکارییە ناوخۆییەکان لە واشنتن سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی و چالاکییەکانی دیکەی.
دوو سەرچاوە ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستیان ڕاگەیاندووە گەشتە پلان بۆ داڕێژراوەکەی مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش بۆ ئیسرائیل دواخراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێستا بڕیارە ڕوبیۆ مانگی سێ گەشت بەو ئەو وڵاتە بکات.
ئەم سەفەرە دوابەدوای خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی دێت کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە ژنێڤی سویسرا دەستپێبکات.
وەک دوو خولی پێشوو، گفتوگۆکان بە نێوەندگیری بەرپرسانی عومان دەبێت و ڕەنگە ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش ئامادە بێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژە بە ئاڵۆزی دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتێک کە لە لایەن "ئاینییە توندڕەوەکانی شیعە" بەڕێوەدەبرێت، کارێکی قورس دەبێت، بەڵام واشنتن هێشتا ڕێگای دیپلۆماسی بە باشتر دەزانێت.