Accessibility links

وا بڕیارە سەرۆک ترامپ لە وتاری ساڵانەیدا تیشک بخاتە سەر دۆخی ئابووری

وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند پرسی دۆخی ئابووری ئەمەریکا و چینی کارگوزاری خێزانە ئەمەریکاییەکان چەقی ئەو بابەتانە دەبێت کە بڕیارە ئەمشەو سەرۆکی ئەمەریکا لە وتاری ساڵانەیدا تیشکیان بخاتە سەر.

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەمەی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئاماژەکردن بە بابەتێکی ئاژانسی هەواڵی فۆکس نیوز سەبارەت بەوەی سەرۆک ترامپ پرسی ئابووری دەکاتە تەوەری سەرەکی وتاری ساڵانەی خۆی بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا.

لیڤیت لە لێدوانێکیدا بۆ فۆکس نیوز گوتی، "لە ماوەی ساڵێکدا سەرۆک ترامپ وڵاتەکەمانی لە پاشەکشە هێنایەوە و بە حەق ڕایدەگەیەنێت کە وڵاتەکەمان بەهێزە و ئاوەدانە و ڕێزی لێدەگیرێت."

هەروەها فۆکس نیوز باس لەوە دەکات کە چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک ترامپ هەندێک ژمارە و ئامار لەسەر پەرەسەندنی ئابووری لە ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا بخاتەڕوو.

بڕیار وایە وتارەکە کاتژمێر نۆی شەو بە کاتی واشنتن پێشکەش بکرێت و جگە لە بابەتی ناوخۆیی، پرسی هەڕەشە دەرەکییەکانیش لە خۆدەگرێت.

ئەم وتارە گرنگە بە 'دۆخی یەکێتی' ئەمەریکا ناسراوە، ساڵانە لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە پێشکەش بە هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێس دەکرێت بۆ ئاگاداربوونەوە لە دۆخی گشتی وڵات و دەستکەوتە گرنگەکانی سەرۆک و ئەو پرسە سەرەکییانەی کە دەشێت ببن بە ئاستەنگ لە داهاتوودا.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی فۆکس نیوز، بەشێک لە میوانانی چینی کارگوزاریش لە کاتی وتارەکەدا ئامادە دەبن.

XS
SM
MD
LG