ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کاربەدەستانی ئاسایشی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا چاودێری ئاماژە نیگەرانکەرەکان دەکەن سەبارەت بەوەی کە ئێران دەتوانێت فەرمان بە بریکارەکانی بکات هێرشی تیرۆریستی تۆڵەسەندنەوە لە دژی ئامانجە ئەمەریکاییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی جیهان ئەنجام بدەن،ئەمەش ئەگەر سەرۆک ترامپ فەرمانی لێدانی بەرفراوان لەدژی ئێران دەربکات.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە قسەی چەند بەرپرسێک کە ئاماژە بە ناوەکەیان نەکراوە، هاتووە کە ئەو بەرپرسانە تا ئێستا هیچ پیلانێکی دیاریکراویان دەستنیشان نەکردووە، بەڵام نیگەرانن لەوەی کە تاران دەتوانێت دەستوور بە حوسییەکان لە یەمەن بدات بۆ ئەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دەریای سوور دەست پێ بکەنەوە. هەروەها نیگەرانیشن کە شانە نوستووەکانی حزبوڵا یان تەنانەت ئەلقاعیدە و پاشکۆکانی دەستووریان پێبدریت لە دەرەوە و لە ئەوروپا هێرش بکەنە سەر بنکە ئەمەریکاییەکان و باڵیۆزخانەکانیان.
کۆلن کلێرک، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی سۆوفان، کە ناوەندێکی ڕاوێژکاری و هەواڵگری نەهێنیە لە نیۆیۆڕک، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، "ئێران دەتوانێت لە ڕێگەی بریکارەکانی هێرشە تێرۆرستییەکانی بەڕێوە ببات کە زیان بە هەڵمەتی لەشکری ئەمەریکا بگەیەنێت."
هاوکات ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە کە سەرچاوەیەکی بنەماڵەی پاشای سعودیە ڕایگەیاندووە چارەسەرکردنی پرسی ئێران چیدیکە کردارێکی سنوورداری لەشکری نیە، بەڵکوو گۆڕانێکی گەورە و بنەڕەتییە و لە نێویاندا وەلاوەنانی ڕێبەری باڵا ئایەتوڵا عەلی خامنەییە.
ئیبراهیم جەهانگیری، چالاکوانی سیاسی سەبارەت بەم پرسە بە دەنگی ئەمەریکای گوت "پێی وایە حکومەتی ئێران هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمەکە دەکات. بۆ نمونە رێژێمی تاران لەوەتای هەیە دوژمنایەتی ئاشکرای عەڕەبستانی کردووە و وەک خۆی شەڕی ئیدئۆلۆژی لەگەڵ عەڕەبستان لە ژێر ناوی شەڕ لەگەڵ وەهابیەت درێژە داوە و لەو لاشەوە حووسییەکانی بە چەک و مووشەک چەندین جار بەر داوەتە گیانی عەڕەبستان و ئارامکۆیان وەبەر مووشک داوە؛ هەر بۆیە لە نەبوونی رێژێمێکی خیلەسەری وەک رێژێمی تاران هەموو لایەک یەک لەوان عەڕەبستان لە بەرژەوەندییدا دەبێت."