بەرپرسێکی ئەمەریکایی بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاست کردەوە کە دانوستانەکانی تاران و واشنتن ڕۆژی پێنجشەممە لە ژنێڤ بەڕێوە دەچێت. ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە وردەکاری زیاتری لەبارەی گفتوگۆکانەوە نەخستەڕوو.
وەزیری دەرەوەی عومان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ڕۆژی پێنجشەممە لە ژنێڤ بەڕێوە دەچێت. ئەم لێدوانانە دوای چەند کاتژمێرێک هات دوای ئەوەی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند پێدەچێت ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، کۆببێتەوە.
وەزیری دەرەوەی عومان ڕۆژی یەکشەممە لە سۆشیال میدیا نووسیبووی، "بە خۆشحاڵییەوە پشتڕاستی دەکەمەوە کە بڕیارە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لەم پێنجشەممەیەدا لە ژنێڤ بەڕێوە بچێت، لەگەڵ هەوڵێکی ئەرێنی بۆ هەنگاوێکی دیکە بەرەو بەئەنجام گەیاندنی ڕێککەوتنەکە."
عومان پێشتر میوانداری دانوستانی ناڕاستەوخۆی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی کردووە و هەفتەی ڕابردووش ڕۆڵی ئاسانکاری لە دوایین خولی دانوستانەکانی ژنێڤدا بینیوە.
ئەمەریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا گوشارەکانی لەسەر کۆماری ئیسلامی زیاد کردووە بۆ قبوڵکردنی ئەو ڕێککەوتنە و گەورەترین ئامادەیی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی دەیان ساڵدا جێگیر کردووە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی هۆشداریدا لەوەی کە ڕێوشوێنی سەربازی سنووردار لە دژی کۆماری ئیسلامی دەکرێت لە بەرنامەی کاردا بێت.
واشنتن ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی نەک هەر نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، بەڵکو تەنانەت نابێت توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیشی هەبێت و نابێت بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم. هەروەها بەرنامەی مووشەکی، پشتیوانی لە هێزە تیرۆریستییەکان و سەرکوتکردنی خەڵک لە ئێران، بوارەکانی دیکەن لەم ڕێککەوتنە لەبەرچاو دەگیرێن.