Accessibility links

خۆپیشاندان لە زانکۆکانی ئێران بۆ سێهەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە

سەرەڕای ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان و هۆشدارییەکانی بەرپرسانی زانکۆکانی ئێران، ناڕەزایەتی خوێندکاران لەو وڵاتە بۆ سێهەمین ڕۆژی لەسەریەک لە چەند زانکۆیەکی گەورە بەردەوامە.

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەمڕۆ لە چەند زانکۆیەکی دیار و گەورەی شاری تاران و لە زانکۆی تەکنەلۆجیای ئیسفەهان و بەشێک لە زانکۆکانی مەشهەد، گردبوونەوەی ناڕەزایەتی خوێندکاران بەڕێوەچوو. لە ژمارەیەک لەو زانکۆیانەدا خوێندکاران لە دەروازە سەرەکییەکانی زانکۆ دانیشتن و لە پۆل و وانەکاندا بەشدارییان نەکرد.

لە گرتە ڤیدیۆییەکان و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکاندا دەردەکەوێت، خوێندکارانی تاران و شارەکانی دیکە دروشمی دژ بە بەرپرسانی ئێران، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێکیان گوتەوە و جەختیان لە ئازادی و یەکسانی کردەوە و ڕایانگەیاند بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکانیان هەتا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

ئەم شەپۆلە نوێیە لە ناڕەزایەتییەکان لە دوای ماوەیەک لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە سەریهەڵداوە کە تێیدا حکومەتی ئێران بە هەزاران کەسی کوشت.

ناڕەزایەتییەکان کە سەرەتا دژی دۆخی نالەباری ئابووری وڵاتەکە دەستیانپێکرد، لە ئێستادا ڕەهەندێکی سیاسی بەهێزیان وەرگرتووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گروپە خوێندکارە ناڕازییەکان بەیاننامەیان دەرکردووە و داوای کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردنەکان دەکەن و هەروەها داوای ئازادکردنی خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکان و هەڵوەشاندنەوەی سزای سەر خوێندکاران و چالاکوانانی زانکۆ دەکەن.

بەرپرسانی زانکۆ و وەزارەتی زانستی ئێران کۆبوونەوەکانیان بە "نایاسایی" ناوبردووە و هۆشداریشیان داوە کە دەزگای دادوەری و ئەمنییەکان دەستوەردان دەکەن و هەڕەشەش دەکەن ئەگەر ناڕەزایەتیەکان بەردەوام بن، هەندێک لە زانکۆکان بەشێوەیەکی کاتی دەگۆڕدرێن بۆ خوێندنی مەجازی.

بەپێی ئەو بانگەوازانەی لە سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی خوێندکاران بڵاوکراونەتەوە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خۆپیشاندانەکان لە شێوەی دانیشتن و ڕێپێوان لە ناو زانکۆکان بەڕێوەبچێت و بە ئامادەنەبوونیان لە وانەکان دەست بدەنە مانگرتن.

ئەم ناڕەزایەتیانە بە درێژکراوەی ئەو خۆپپشاندانانە دادەنرێت کە لە کۆتاییەکانی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو لە ئێران دەستیانپێکرد و لە دەیان شار بە سەرکوتکردنی توند و کوشندە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە وەڵامیاندرایەوە.

دوابەدوای ئەو ناڕەزایەتیانە، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار پشتیوانی ئاشکرای خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دەربڕی، هاوکات هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی و ڕایگەیاند ئەگەر بەردەوام بێت لە کوشتنی خۆپیشاندەران، ئەمریکا "هەنگاوی چارەنووسساز" دەگرێتەبەر.

XS
SM
MD
LG