ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند پێنج گرووپی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران هاوپەیمانییەکیان دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی پێکهێناوە.
ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیوێتی "ئەمە ئەوە دەردەخات کە هاوکاری نێوان ئەم گروپانە زیادی کردووە و پێشتریش ناوەندێکی دیالۆگیان پێکهێنابوو بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکانی هاوکاری لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران"، و ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم هاوپەیمانییە و یەکگرتنە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران تا دێت زیاتر پەرە دەسێنێن.
عەبدوڵا حیجاب، توێژەری سیاسی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە وەڵامێکە بۆ داخوازی خەڵک، چونکە "خەڵکی کوردستان لە دوا هەڵوێستی یەکگرتووانەیاندا، نیشانیاندا کە پشتیوانی هێزە سیاسییەکانیانن و داوای هاوهەڵوێستی دەکەن. حزبەکانیش بە دامەزراندنی ئەو پلاتفۆڕمە وەڵامی ئەرێنییان بە کۆمەڵگا دایەوە و سەلماندیان کە پابەندی ویست و داخوازیی کۆمەڵگای خۆیانن. ئەم یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستییە هەم لە ئاستی ئێران و هەمیش لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا دەبیندرێت و حیسابی لەسەر دەکرێت".
هەروەها لە ڕوانگەی ئەم شارەزایەوە، پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە دۆخێکی نالەبار تێدەپەڕێت و هەروەها سیاسەتەکەی لە سەر بنەمای دژایەتی و سەرکوتکردنی کورد و باقی نەتەوەکانی ئێران دامەزراوە.
حیجاب لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "ئێرانی ئێستا گەیشتووەتە ترۆپکی قەیرانەکان و لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەوڕووی گرفتی قووڵ بووەتەوە کە ڕەنگە نەتوانێت لە ژێر ئەو بارە قورسانەدا پشت ڕاست بکاتەوە. لە هەلوومەرجێکدا کە گریمانەی گۆڕان دەتوانێت لە هەر کات و ساتێکدا بێتە ئاراوە، ئامادەبوون و سیاسەتی یەکگرتووانەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەتوانێت فاکتۆرێکی گرنگ و تەنانەت چارەنووسساز بێت بۆ داهاتووی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان."
حیجاب لە کۆتایی قسەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە لە نێوان هێزە کوردییەکانی ئێران، هەوڵی ئەو کەسانە پووچەڵ دەکاتەوە کە "خەونی کپکردنی دەنگی ئازادیخوازیی کورد دەبینن" و ئەمەش لە کاتێکدا کە پرسی کورد لە ئاستی جیهانیدا تا دێت زیاتر دەبێتە جێگای بایەخ و سەرنجی وڵاتان.