Accessibility links

کوردێک بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل بۆ جاری سێهەم سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت

زیندانییەکی سیاسی کورد کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ دەستبەسەرە، بۆ سێهەمین جار سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، ئەمەش لەکاتێکدا کە بە گوێرەی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، سزای ئەم زیندانییە پێشتر لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە بە هۆی کەموکوڕی یاساییەوە هەڵوەشابووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ناسر بەکرزادە تەمەن 26 ساڵ، خەڵکی ورمێ لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

سەیداد شیرزاد، پارێزەری ئەو زیندانییە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە "لقی دووی دادگای ئینقلاب جارێکی دیکە سزای لەسێدارەدانی بۆ بەکرزادە دەرکردووە، ئەمەش لە کاتێکدا پێشتر لقی 39ی دادگای باڵا بە هۆی چەندین کەموکوڕی یاساییەوە دوو جار سزای هاوشێوەی سەر ئەو زیندانییە هەڵوەشاندوەتەوە."

بە وتەی ناوبراو ئەو کەموکوڕیانەی کە دادگای باڵا ئاماژەی پێکردبوو لە بڕیاری سێیەمدا یەکلایی نەکراونەتەوە و دادگای خوارەوەش بەبێ ئەوەی چارەسەری کەموکوڕییەکان بکات، بڕیارێکی هاوشێوەی دەرکردووە.

بەکرزادە پێشتر لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتێکی هاوشێوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو؛ بڕیارێک کە دوای تانەدان لە دادگای باڵا هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە ڕەوانەی هەمان لق کرا بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە.

دواتر لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێ سزای لەسێدارەدانی دیکەی دەرکرد و ئەم سزایەش پاش تانەیەکی دیکە لەلایەن دادگای باڵا هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە ڕەوانەی لقێکی دیکە کرا بۆ دووبارە دادگایی کردنەوە.

ناسر بەکرزادە بۆ یەکەمجار لە مانگی هەشتی ساڵی 2023 لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە ورمێ دەستبەسەر کرا. دوای چەند هەفتەیەک بەشێوەیەکی کاتی ئازادکرا، بەڵام لە 2ی ژانویەی 2024دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستگیرکرایەوە.

بەگوێرەی ئەم سەرچاوەی مافی مرۆڤە، بەکرزادە بۆ ماوەی چەند مانگێک لە دەستبەسەرگەیەکی سوپای پاسداران لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە و دواتر گواسترایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا گوشاری زۆری لەسەر کراوە بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ بکات و لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراوە، لەوانە سەردانی خێزانەکەی و دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر.

XS
SM
MD
LG