Accessibility links

سەرۆک ترامپ باجی گومرگ بۆ لەسەدا 15 بەرز دەکاتەوە

سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند باجی گومرگ لەسەر هاوردەکردن بۆ ناو ئەمەریکا لە ڕێژەی سەدا 10 وە بۆ سەدا 15 بەرز دەکاتەوە.

سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال خۆی، ڕایگەیاندووە ئەم بڕیارە "دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

بە ئاماژەدان بە بڕیارەکەی ڕۆژی هەینی دادگای باڵای ئەمەریکا، سەرۆک ترامپ گوتی، دوای پێداچوونەوەیەکی وورد بە بڕیارەکەی رۆژی هەینی دادگا، بەڕێوەبەرایەتییەکەی بڕیاری داوە پێناسی گومرگی بۆ ئاستی سەدا 15 کە "بە تەواوەتی رێگەپێدراوە و لە رووی یاساییەوە تاقیکراوەتەوە" بەرز بکاتەوە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە " بەڕێوەبەرایەتی ترامپ باجی نوێ و ڕێگەپێدراو لە ڕووی یاساییەوە ، دیاری دەکات و دەسەپێنێت، کە بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی سەرکەوتووی نائاساییمان بۆ دووبارە مەزنکردنەوەی ئەمەریکا- مەزنتر لە جاران!!!"

ڕۆژی هەینی دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاری دا، یاسای IEEPA ( یاسای دەسەڵاتە ئابوورییە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان)، رێگە بە سەرۆک نادات پێناسی گومرگی بسەپێنێت.

سەرۆک ترامپ پاش بڕیارەکەی دادگا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناڕازیبوونی خۆی لەمەڕ بڕیارەکە ڕاگەیاند و گوتی " شتە باشەکە ئەوەیە کە ڕێگا و شێواز و یاسا و دەسەڵاتەکانی تر کە دادگاکە و کۆنگرێسیش دانیان پێداناوە و بەهێزتریشن لە یاسای گومرگی IEEPA، وەکو سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەبەردەستمدان"

هەر پاش ئەو بڕیارە نوێنەرایەتی بازرگانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بەکارهێنانی یاسای دەسەڵاتە فریاگوزارییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن سەرۆک ترامپەوە ئامرازێکی پێویست و گونجاو بوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە سەرەکیانەی کە لە دەرەوەی ئەمەریکاوە سەرچاوەیان گرتووە، لەوانە قەیرانەکانی فێنتانیڵ، کۆچبەری و کورتهێنانی بازرگانی."


XS
SM
MD
LG