Accessibility links

سەرۆک ترامپ فایلەکان لەسەر بوونەوەری واڵایی و تەنە نەناسراوەکان بڵاودەکاتەوە

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕێنمایی دا بە ئیدارەکەی بە بڵاوکردنەوەی ئەو فایلانەی تایبەتن بە تەنە نەناسراوەکان و ئەگەری هەبوونی هەر "بوونەوەر و ژیانێکی دەرەوەی زەوی."

ئێوارەی پێنجشەممە بە کاتی واشنتن، سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "پشتئەستوور بەو ویستە گەورەیەی کە نیشان دراوە، وەزیری جەنگ و وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانی تر ئاڕاستە دەکەم بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دیاریکردن و بڵاوکردنەوەی فایلەکانی حکومەت کە پەیوەندیدارن بە بوونەوەر و ژیانی دەرەوەی زەوی، دیاردە ئاسمانییە نەناسراوەکان، تەنە فڕیوە نەناسراوەکان و هەر زانیارییەکی دیکەی پەیوەست بەم بابەتانەی کە زۆر ئاڵۆزن بەڵام ئەو پەڕی سەرنجڕاکێشن. خودا ئەمریکا بپارێزێت!"

لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان ڕاپۆرتی جۆراوجۆر بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دەنگۆی تۆمارکردنی بەڵگەی هەبوونی بوونەوەری واڵایی و هاتنیان بۆ سەر زەوی، بەڵام هەتا ئێستا ئەم دەنگۆیانە پشتڕاستنەکراونەتەوە.

ئەم بابەتە لە چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر سەرنجی کۆنگرێسی ئەمەریکاشی ڕاکێشاوە. هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس دەڵێن باوەڕیان وەهایە بوونەوەری دەرەوەی زەوی تۆمارکراوە. هەندێک ئەندامی تریان داوای شەفافیەت لەو پرسەدا دەکەن، بەهۆی نیگەرانییەکانیان لە ئەگەری ئەوەی تەنە نەناسراوەکان پێکهاتبن لە ئامێری پێشکەوتووی سیخوڕی وڵاتانی ڕووسیا و چین.

ڕاپۆرتێکی وەزارەتی جەنگ کە ساڵی 2024 بڵاوکرایەوە، دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نییە کە لێکۆڵینەوەکانی حکومەت گەیشتبن بەو ئەنجامەی هەبوونی بوونەوەری واڵایی بسەلمێنێت. وەزارەتەکە دەڵێت ئەو ڕاپۆرتانەی لە نێوان ساڵانی 1950-1960 دراون شیانی هەیە بگەڕێنەوە بۆ تاقیکردنەوەی فڕۆکەی سیخوڕی پێشکەوتوو و تەکنەلۆجیاکانی تری نهێنی ئەمەریکا.

کۆتایی ساڵی ڕابردوو، دۆکیومێنتارییەک بڵاوکرایەوە بە ناوی 'سەردەمی ئاشکراکردن،' کە تێیدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت حکومەتی ئەمەریکا نزیکەی 80 ساڵە زانیارییەکانی شاردووەتەوە سەبارەت بە تۆمارکردنی "ژیری نامرۆڤی."

لە دۆیکومێنتەرییەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ بەشدارە و دەڵێت لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئەمەریکادا تەنی فڕیوی نەناسراو دیاریکراون، کە ئەمەریکایی نین و زانیارییەکان لەبارەیانەوە هێندە نهێییە کە تەنانەت سەرۆکەکانی ئەمەریکاش بەڕێژەیی و تەنها "بە گوێرەی پێویست" زانیارییەکانیان پێدەدرێت.

فرمانەکەی سەرۆک ترامپ بۆ بڵاوکردنەوەی فایلەکان لە کاتێکدایە دووشەممەی ڕابردوو سەرۆک ئۆباما لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستێکدا گوتی، ئەگەرەکان بەو ئاراستەیەدان کە هەبوونی بوونەوەری واڵایی ڕاستە، بەڵام ئەو وەک سەرۆک هیچ بەڵگەیەکی لەبارەیەوە نەبینیوە.

لە دوای پۆدکاستەکە، سەرۆک ئۆباما لە پۆستێکی تۆڕۆی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و ڕایگەیاند، "لە ڕووی ئامارییەوە گەردوون ئەوەندە فراوانە، کە ئەگەری باش ئەوەیە ژیان لە دەرەوەی [زەوی] هەبێت. بەڵام مەودای نێوان کۆمەڵەی خۆرەکان ئەوەندە زۆرە کە ئەگەری سەردانیان بۆ لای مرۆڤ کەمە، وە لە ماوەی سەرۆکایەتیمدا هیچ بەڵگەیەکم نەبینی لەسەر ئەوەی بوونەوەرە دەرەکییەکان پەیوەندییان لەگەڵ ئێمەدا کردبێت. بەڕاستی!"

XS
SM
MD
LG