وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەستپێشخەرییەکی گەورەی هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەتیدا ڕاگەیاند بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و بەڕێوەبردنی مەترسی ژیری دەستکرد لە کەرتی خزمەتگوزارییە داراییەکاندا.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، "هەر وەک ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بە ڕوونی ڕایگەیاندووە، زۆر گرنگە ئەمەریکا پێشەنگ بێت لە پەرەپێدانی بەکارهێنانی داهێنەرانە لە بواری ژیری دەستکرد، وە ئەم پرسە بۆ هیچ کەرتێک بە ئەندازەی کەرتی دارایی گرنگ نییە."
هەروەها ئاماژەی دا، "ئەم هەنگاوە دەرخەری ئەوەیە کە حکومەت و کەرتی پیشەسازی تایبەت دەتوانن بەیەکەوە کاربکەن بۆ پشتگیریکردن لە بەکارهێنانی سەلامەتی ژیری دەستکرد بۆ بەهێزکردنی سیستەمی داراییمان."
بەرپرسانی گەنجینەی ئەمەریکا دەڵێن ئەو سەرچاوە نوێیانەی ژیری دەستکرد یارمەتی دامەزراوە داراییە بچووک و مامناوەندەکان دەدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی ئەلیکترۆنی.
دەستپێشخەرییەکە بەرهەمی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی ترامپە بۆ زیادکردنی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد.
لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا، سەرۆک دۆناڵد ترامپ فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆکرد کە ڕێساکانی بەڕێوەبەرایەتی پێشووی ئەمەریکای تایبەت بە ژیری دەستکرد هەڵوەشاندەوە و ڕێنمایی دا بۆ پەرەپێدانی پلانی کارکردنی گشتگیر بۆ ژیری دەستکرد.
هەروەها لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا، کۆشکی سپی دەستپێشخەرییەکی بڵاوکردەوە بە ناوی 'بردنەوەی پێشبڕکێی ژیری دەستکرد: پلانی کارکردنی ئەمەریکا لە ژیری دەستکرددا.' دەستپێشخەرییەکە ئەو ڕێوشوێنانەی دەستنیشان کرد کە پێویستن بۆ خێراکردنی داهێنان لە ژیری دەستکرد و بونیادنانی ژێرخانی ئەمەریکا لەم کایەیەدا.