دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە یەکەم کۆبونەوەی فەرمی دەستەی ئاشتی بە سەرکردەی وڵاتانی گوت لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا شیانی هەیە چارەنووسی پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران یان هێرشکردنە سەری بزانن.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بەدرێژایی ساڵان سەلمێنراوە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مانادار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسان نییە. دەبێت بگەینە ڕێککەوتنێکی مانادار، ئەگەرنا شتە خراپەکان ڕوودەدەن."
سەرۆک ترامپ لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێک لەبەردەم سەرکردەی وڵاتانی بەشدار لە دەستەی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی غەززە، گوتی، "لەوانەیە پێویست بکات هەنگاوێک زیاتری ببەین، یان ڕەنگە پێویست نەکات. ڕەنگە ڕێککەوتن بکەین. ئەمەتان بۆ دەردەکەوێت ڕەنگە لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا."
سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی کۆماری ئیسلامی ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت.
ئاماژەی دا ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نامێنێت. "زۆر بە ڕوونی ئەمەیان پێ وتراوە."
دوایین هۆشداریی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە ئەمەریکا فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی ئێف 35 و ئێف 22ی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە.
هەروەها ئەمەریکا بەشێک لە گەورەترین فڕۆکە هەڵگر و کەشتییە جەنگییەکانی خۆی لە ناوچەکە جێگیر کردووە.