Accessibility links

ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت سوتانی ئۆتۆمبێلەکەی کۆمەڵە بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە بووە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، سوتانی ئۆتۆمبێلێکی سەر بە حزبی کۆمەڵە لە سەر ڕێگای دووکان بۆ سلێمانی "ڕووداوێكی هاتووچۆی ئاسایی بووە."

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، "دەستبەجێ لەسەر ئەم ڕووداوە تیمەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەن و دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزی دڕع بووە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە وەرگەڕاوە و گڕی گرتووە."

گوتیشی، " لەڕووداوەکە دوو سەرنشین لەئۆتۆمبێلەکەدا هەبووە و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە."

بەر لە ڕاگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایش، عومەری ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵە، بە دەنگی ئەمەریکای گووت ڕووداوەکە ئاسایی نەبووە، بەڵکو لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی کراوەتە ئامانج.

هەروەها کامەران عوسمان بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی سی پی تی، لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند ڕووداوەکە هێرش بووە و لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجام دراوە.

کامەران عوسمان بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "هێرش ڕەنجبەر، پاسەوانی عومەری ئەلخانیزادە گیانی لەدەستداوە و ئارام بارامیش کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە بریندارە."

گوتیشی هێرشەکە بە درۆن بووە و " لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراوە." بەڵام ڕایگەیاند هێشتا دڵنیا نین لەوەی هێرشی مووشەکی بووە بە درۆن یان درۆنی خۆکوژ بووە.

XS
SM
MD
LG