Accessibility links

شارێکی ئەمەریکا ڕاگەیاندنێکی پشگیری بۆ ڕۆژئاوا مۆر دەکات

شاری مەناسەس پارک لە ویلایەتی ڤێرجینیا بەیاننامەیەکی پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوا بڵاوکردەوە و مانگی سێی وەک مانگی کەلەپوری کورد دەستنیشان کرد.

ئەنجوومەنی شارەوانی مەناسەس، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە دانیشتووانی شارەکە و ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردی شارەکە ئێوارەی چوارشەممە لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەدا ئەم ڕاگەیاندنەی ڕاگەیاند.

ئالانا مێنسنگ، سەرۆکی شارەوانی مەناسەس پارک، لە نزیک واشنتن دی سی، بەیاننامەی پشتیوانی پێشکەش بە ئەندامانی کۆمەڵگە کرد.

مێنسنگ لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی "ئەوە شانازییە بۆ من کە مانگی کەلەپوری کوردی پیرۆز دەکەم."

دەشڵێت "چەند ساڵێک لەمەوبەر هونەرمەند لوقمان ئەحمەدم ناسی، کە کەسێکی زۆر میهرەبان بوو، لەڕێگەی ئەوەوە و هونەرەکەیەوە زۆر شتم لەبارەی کەلەپوری کوردەوە بیست. ئەم ڕاگەیاندنە تەنها بۆ پێدانی زانیاری لەسەر کورد بە دانیشتوان نییە، بەڵکو پاڵپشتیمان بۆ ئەو کوردانە دەردەخات کە بەهۆی شەڕی سوریاوە زیانیان بەرکەوتووە."

هەودا باوەنوور، دانیشتووی شارەکە کە ڕاگەیاندنی سەرۆکی شارەوانی وەرگرتووە، دەڵێت ڕاگەیاندنەکە بە کردەوە وا دەکات هەست بکات ئەمەریکا وڵاتی ئەوانە.

هەودا باوەنوور، کوردێکی دانیشتووی پارکی مەنەساس، وتی ڕاگەیاندنی سەرۆکی شارەوانی شارەکەی ڕێگەی پێدەدات هەست بە پەیوەندی زیاتر بە وڵاتەکەیەوە بکات.

خاتوو هەودا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو کە بۆ ئێمە ناویانە، ڕاستە ئێمە دانیشووی ئێرەین و لە وڵات دوورین بەڵام هەموو کاتێک دڵ و مێشکمان لای وڵاتی خۆمانە. ئەمڕۆ ئەمە زۆر خۆش بوو بۆمان و سوپاسی کۆمەڵگەی مەناسەس پارک دەکەین."

مەدیا ئیشکتاش دانیشتوویەکی تری کوردی شارەکە بە قسەکانی شارەوانەکە لەسەر کورد، دڵی پڕ بوو. ئەو گوتی ئەو ڕاگەیاندنەو دیاری کردنی مانگی سێ بۆ کەلەپوری کورد لە شارەکە، وەک بەدەستهێنانی مافێک دەزانێت " چونکە مانگی سێ مانگێکی گرنگە لە مێژوو و کەلەپووری کوردیدا."

ڕاگەیاندراوەکە، بەتەواوی تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی کورد لە شەڕی دژی تیرۆر و پاڵپشتیکردنی پێکەوەژیان، هەروەها دەشڵێت پێویستە بە ئاشتیانە لە چوارچێوەی وڵاتەکەی خۆیاندا بژین.

XS
SM
MD
LG