بەرپرسانی باڵای جیهانی سەردانی ئەمەریکا دەکەن بۆ بەشداریکردن لە یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی ئاشتی سەرۆک دۆناڵد ترامپ، پاش ئەوەی لە مانگی ڕابردوو لە داڤۆس دامەزراندنی دەستەکەی بە فەرمی ڕاگەیاند.
پێش کۆبوونەوەکە کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیمانگای ئاشتی دۆناڵد جەی ترامپ لە واشنتۆن بەڕێوەبچێت، حکومەتەکانی ئیسرائیل، میسر و تورکیا ڕایانگەیاندووە بەرپرسانی باڵا دەنێرن بۆ نوێنەرایەتیکردنیان لەو کۆبونەوەیە. ئامادەبووان بریتی دەبن لە گیدۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیرانی میسر و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا.
ئەو سێ وڵاتە لەنێو 27 وڵاتدان کە وەک ئەندامی دامەزرێنەر پەیوەندییان بە دەستەی ئاشتی ترامپەوە کردووە، وەک لە ئەکاونتی فەرمی X ی دەستەکەدا ئاماژەی پێکراوە. سەرۆک ترامپ بەرپرسی دەستەکەیە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاندووە، کیم یۆنگ هیون، باڵیۆزی پێشووی سیئۆل لە میسر، هەروەها وەک چاودێرێک بەشداری کۆبوونەوەی دەستەی ئاشتیی ڕۆژی پێنجشەممە دەکات.
لە پۆستێکی یەکشەممەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث ، ترامپ وتی ئەندامانی دەستەی ئاشتی کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە بەکاردەهێنن بۆ ڕاگەیاندنی بەڵێنەکانیان بە بڕی زیاتر لە 5 ملیار دۆلار بۆ هەوڵە مرۆییەکان و ئاوەدانکردنەوە لە غەززە. ناوچەی فەلەستینییەکان لە وێرانکارییەکانی شەڕێکی دوو ساڵە دێتەوەسەرخۆ، کە بەهۆی هێرشی گروپی تیرۆریستی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ساڵی 2023دا سەریهەڵدا. ئاگربەستێک بە نێوەندگیری ئەمەریکا لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا ململانێکانی ڕاگرت و حەماسیشی کردە دۆخێکی لاوازەوە.
ترامپ لە 22ی مانگی یەک لە مڕاسیمێکدا لە داڤۆسی سویسرا دەستەی ئاشتی دامەزراند، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەکەی کە لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا پێشنیاری کردبوو، بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ غەززە. ئەو گوتی دەستەکە هەوڵدەدات ئاشتی بۆ ململانێکانی دیکەش لە سەرانسەری جیهاندا بهێنێتە ئاراوە.
لە پۆستەکەیدا لە سۆشیال میدیادا، سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند وڵاتانی ئەندام پابەندن بە تەرخانکردنی هەزاران کەس بۆ بەشداری کردن لە " هێزی سەقامگیری نێونەتەوەیی و پۆلیسی خۆجێهی بۆ بەردەوامی ئاسایش و ئاشتی بۆ خەڵکی غەززە."
سەرۆک ترامپ جەختیشی لەوە دەکردەوە "حەماس دەبێت پابەندبێت بە بەڵێنەکەی بۆ دەستبەجێ چەکداماڵینی تەواو."
سەرکردەکانی ئەو گرووپە لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار داماڵینی چەکیان ڕەتکردۆتەوە، ئەمەش وایکردووە ترامپ و ئیسرائیلی هاوپەیمانەکەی هۆشداری بدەن لەوەی کە بەهۆی ئەوەی خۆبەخشانە چەکداماڵین ڕووبەڕووی لێکەوتەی سەخت دەبێتەوە.