Accessibility links

ئەکسیۆس: ڕەنگە بەم زووانە هەنگاوی سەربازی ئەمەریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی دەستپێبکات

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز کردووە و نووسیویەتی ڕەنگە بەم زووانە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان کە ئەگەری هەیە چەند هەفتەیەک بخایەنێت، لە لایەن ئەمەریکاوە دژی پێگەکانی کۆماری ئیسلامی دەست پێبکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس، ئەمەریکا لەئێستادا زیاتر لەوەی هەست پێدەکرێت، نزیک بووەتەوە لە ململانێی سەربازی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و "هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە دۆناڵد ترامپ فەرمانی کردەوەی سەربازی دەدات ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن".

بەپێی ئەو سەرچاوانەی کە ئەکسیۆس ئاماژەی پێکردوون، پێدەچێت ململانێیەکی لەو شێوەیە زۆر فراوانتر بێت لەو ئۆپەراسیۆنە یەک ڕۆژەییەی مانگی ڕابردوو لە ڤەنزوێلا ڕوویدا و زیاتر لە "جەنگ" دەچێت.

ئەم سەرچاوانە هەروەها ڕایانگەیاندووە پێدەچێت ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەنجام بدرێت و پانتاییەکی فراوانتری دەبێت لە شەڕی 12 ڕۆژەی کە لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا.

خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران ڕۆژی سێشەممە کۆتایی هات و ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر نوێنەری ئەمەریکا لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبونەوە.

لە کاتێکدا هەردوولا رایانگەیاندووە پێشکەوتن بەدیهاتووە، چەند سەرچاوەیەک بە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستیان ڕاگەیاندووە کە ناکۆکی ڕژد ماوەتەوە.

هەروەها جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز سەبارەت بە دانوستانەکان ڕایگەیاند هەرچەندە سەرۆک ترامپ دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام ڕەنگە بەو ئەنجامە بگات کە دیپلۆماسی گەیشتووەتە کۆتایی.

ڤانس وتی "وەک سەرۆک وتوویەتی، بەڕاستی پێمان باشە ئەمە لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەین، بەڵام سەرۆک هەموو بژاردەکانی لەبەردەمدایە."

ئەکسیۆس دەشڵیت "هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، ترامپ فەرمانی کردەوەی سەربازی دەدات."

لە کاتێکدا هەندێک لە سەرچاوە ئەمەریکاییەکان بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە کە ڕەنگە ئەمەریکا پێویستی بە کاتێکی زیاتر بێت بۆ ئامادەکاری، هەندێکی دیکە ڕوانگەیەکی جیاوازیان هەیە.

ڵینزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان ڕایگەیاندووە ئەگەری هەنگاوی سەربازی ڕەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕووبدات.

یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی دۆناڵد ترامپ بە ئەکسیۆسی وتووە "سەرۆک خەریکە سەبری تەواو دەبێت و هەندێک لە دەورووبەرەکانی هۆشداری دەدەن سەبارەت بە شەڕ لەگەڵ ئێران، بەڵام پێموایە ئەگەری لەسەدا 90 هەیە کە لە هەفتەکانی داهاتوودا کردەوەی سەربازی ڕاستەقینە ببینین."

XS
SM
MD
LG