Accessibility links

کاری لەیک: پێشنیارمان کردووە 10 ملیۆن دۆلار تەرخان بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئنتەرنێت بۆ خەڵکی ئێران

کاری لەیک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیوزماکس رایگەیاند حکومەتی ئەمەریکا پلانێکی فراوان و دەستبەجێی بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی ئێران لە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ئازاد پێشکەش کردووە و دەڵێت ئەمەش هەنگاوێکە وەک پشتیوانی لە خەڵکی ئێران لەپێناو ئازایدا.

پێشنیاری تەرخانکردنی 10 ملیۆن دۆلار بۆ ئنتەرنێت

خاتوون کاری لەیک ڕایگەیاند هەفتەی ڕابردوو پێشنیاری دابینکردنی بڕی 10 ملیۆن دۆلاریان بۆ بەهێزکردن و دەستپێکردنی خزمەتگوزارییەکانی ڤی پی ئێن(VPN) پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی ئێران لە کاتی کوژانەوە یان سنووردارکردنی ئنتەرنێتدا بتوانن دەستیان بە هەواڵ و زانیاریی بێبەرامبەر بگات.


بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی ڕوونیکردەوە کە پلانەکە بە هاوکاری نزیک لەگەڵ سندوقی تەکنەلۆژیای کراوە(Open Technology Fund) جێبەجێ دەکرێت کە دامەزراوەیەکە ئامرازەکان پەرەپێدەدات بۆ تێپەڕاندنی فلتەر و پاراستنی ئاسایشی دیجیتاڵی بەکارهێنەران. بە وتەی ناوبراو ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە بەکارهێنەرانی نێو ئێران بتوانن پەیوەندی بە ئینتەرنێتی کراوەوە بکەن بەبێ ئەوەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستنیشان بکرێن.

بەکارهێنانی ئامرازی نوێ بۆ دەربازبوون لە سنووردارکردنەکان

خاتوون کاری لەیک لە گفتوگۆکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە جگە لە VPN، چارەسەرەکانی وەک ئنتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینکیش وەک بژاردەی تەواوکەر بۆ دابینکردنی ڕێڕەوی پەیوەندیی بەدیل لە ئەگەری کوژانەوەی تەواوەتی ئنتەرنێتدا لەبەرچاو گیراوە. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی میدیایی جیهانی ئەمەریکا وتی "کاتێک ئنتەرنێت دادەخەن، دەبێت لە ڕێگەی چەند کەناڵێکی جیاوازەوە هەنگاو بنێیت."

ئەو بەڕێوبەرە هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی، لەوانە دەنگی ئەمەریکا و ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/ڕادیۆ ئازادی کرد و وتی ئەم دەزگا میدیایانە ئەرکیان هەیە پەیامی پەیامی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ خەڵکی ئێران و خواستیان بۆ ئازادی بگەیەنە ناوخۆی وڵاتەکە.

جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانی لەخەڵکی ئێران

خاتوون کاری لەیک لەم چاوپێکەوتنەدا باس لە ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە لە ئێران و هەوڵەکانی حکومەت بۆ شاردنەوەی ڕەهەندەکانیان دەکات. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەم ئاژانسە میدیاییە جەختی لەوە کردەوە کە پێدانی زانیاری دروست و ڕێگریکردن لە قۆرخکردنی هەواڵەکان لەلایەن حکومەتەکانەوە بەشێکی گرنگی ئەرکەکەیانە.

ئاماژەی بەوەشکرد پەیامی سەرەکی ئەمەریکا ئەوەیە کە ئەمەریکا لەگەڵ خەڵکی ئێراندایە و پشتیوانی لە دەستڕاگەیشتنیان بە زانیاری ئازاد و مافی هەڵبژاردنیان دەکات. بە وتەی ناوبراو فراوانکردنی VPN ی پارێزراو و بەهێزکردنی ژێرخانی پەیوەندییەکان دەتوانێت یارمەتی خەڵکی ئێران بدات کە بە بێ ترس لە دەستنیشانکردن و سزادان، پەیوەندی بە جیهانی دەرەوەوە بکەن.

ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە لە کۆتاییدا هیوای دەربڕی کە بە زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و ڕۆیشتنی ئازادانەی زانیارییەکان، خەڵکی ئێران بتوانێت ئایندەیەک لە سەر بنەمای ئازادی و شەفافیەت ئەزموون بکات.

XS
SM
MD
LG