نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند کیەر ستارمەر ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ تاوتوێی دانوستانەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردووە.
تا ئێستا کۆشکی سپی وردەکارییەکانی ئەو پەیوەندییە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەم هەواڵە چەند کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی خولی دووەمی دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمەریکا لە ژنێڤی سویسرا هات کە بە نێوەندگیری عومان بەڕێوەچوو.
بەرپرسێکی حکومەتی ئەمەریکا دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی ژنێڤ ڕایگەیاند کە "پێشکەوتن بەدیهاتووە"، بەڵام هێشتا ناکۆکی ماوەتەوە و بڕیارە ئێران لە ماوەی دوو هەفتەدا پێشنیاری نوێ بخاتەڕوو.
دۆناڵد ترامپ پێشتر جەختی لەسەر گرنگی دانوستانەکان کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لەو دانوستانانە دەکات و هۆشداریشی دابوو کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا ڕووبەڕووی "دەرئەنجامی قورس دەبێتەوە".
واشنتن دەیەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕابگرێت و مەودای مووشەکەکانی سنووردار بکات و پاڵپشتی تاران بۆ گروپە بە وەکالەتەکانی کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەندێ لەم مەرجانە بە هێڵی سوور دەزانێت.
ڕۆژی سێشەممە کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزی مانۆڕێکی سەربازیدا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک تەنگەی ستراتیژیی هورمز کە گرنگترین ڕێڕەوی ترانزێتی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی جیهانە، بە شێوەیەکی کاتی داخست.