Accessibility links

خولی دووەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا لە ژنێڤ کۆتایی پێدێت

بەرپرسێکی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند خولی دووهەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و شاندی ئێران لە ژنێڤ کۆتایی هاتووە.

دانوستانەکانی ڕۆژی سێشەممەی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە شاری ژنێڤی پایتەختی سویسرا بە بەشداری ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر و عەباس عەراقچی و شاندی یاوەری و بە میوانداری عومان بەڕێوەچوو.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دوای کۆتایهاتنی گفتوگۆکان، خولی دووەمی دانوستانە نوێیەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بە 'بنیاتنەر' ناو برد وتی بەڵام لەلایەن هەردوولاوە هێشتا هەندێک شت هەن کە دەبێت کار بکرێت لەسەریان.

عەباس عەراقچی ڕۆژی سێشەممە لە باڵیۆزخانەی عومان لە ژنێڤ بە کەناڵی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند رێگای ڕێککەوتن دەستیپێکردووە، بەڵام بە خێرایی ناگەینە ئەو ڕێککەوتنە. وتیشی هێشتا وادەی خولی دیکەی دانوستانەکان دیاری نەکراوە و لایەنەکان دەبێت لەگەڵ پایتەختی خۆیان ڕاوێژ بکەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی بڕیارە هەردوولا کار لەسەر دەقەکانی ڕێککەوتنێکی ئەگەری بکەین و دواتر ئەو دەقانەمان ئاڵوگۆڕ دەکەین و دوای ئەمەش وادەیەکی دیکە بۆ خولی سێیەم لەبەرچاو دەگرین.

ئەمەریکا پێشتر بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕابگیرێت و بەرنامە مووشەکییەکەی سنووردار بکرێت و پشتیوانییەکانی تارانیش لە بریکارەکان کۆتایی پێبهێنرێت.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی واشنتن ڕایگەیاند بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لە وتووێژەکانی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکات.

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا سەبارەت بە گفتوگۆکان و دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی، وتی "من بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدار دەبم لەو دانوستانانەدا، ئەو گفتوگۆیانە زۆر گرنگ دەبن، با بزانین چی ڕوودەدات. بەڵام ئێران بە گشتی دانوستانکارێکی زۆر سەرسەختە."

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە نابێ لە دانوستانەکاندا باسی بەرنامەی مووشەکی بکرێت و هەروەها ڕایانگەیاندبوو کە گەیاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە خاڵی سفر، هێڵی سووری حکومەتی ئێرانە.

خولی یەکەمی دانوستانەکان ماوەیەک پێش ئێستا لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو و نەیانتوانی ئەنجامێک بەدەست بهێنن. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕژێمی ئێران کاتێکی ئەوتۆی نییە. دوو ڕۆژ لەمەوبەریش وتی "بەرپرسانی ئێران 47 ساڵە قسە دەکەن؛ قسە دەکەن و قسە دەکەن." سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها وتی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران باشترین شتە کە ڕووبدات.

XS
SM
MD
LG