Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکات

سەرۆک دۆناڵد ترامپ شەوی دووشەممە بە کاتی واشنتن ڕایگەیاند بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لە وتووێژەکانی ڕۆژی سێشەممەی ژنێف لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەکات.

سەرۆک ترامپ لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێک سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە دانوستانەکانی ئێران لە ژنێڤ، وتی "من بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدار دەبم لەو دانوستانانەدا و ئەو گفتوگۆیانە زۆر گرنگ دەبن. سەیر دەکەین بزانین چی ڕوودەدات. بەڵام ئێران بەگشتی دانوستانکارێکی زۆر سەر سەختە."

سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی "کۆماری ئیسلامی دانوستانکاری خراپن، چونکە جاری پێشوو دەمانتوانی لەبری ناردنی فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری بی-2 بۆ لەناوبردنی توانای ئەتۆمییان، ڕێککەوتنێک بکەین. ئێمە ناچار بووین فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری بی-2 بنێرین. هیوادارم ئەمجارە ژیرانە ڕەفتار بکەن. ئەوان دەیانەوێت رێککەوتنێک بکرێت."

پەیامنێرێک لە سەرۆکی ئەمەریکای پرسی "ئایا ڕاستە کە دەڵێن رێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیکە لە مەحاڵ؟

دۆناڵد ترامپ لەوەڵامدا وتی "نەخێر، پێموایە دەیانەوێت ڕێککەوتنێک بکەن، پێموانییە بیانەوێت ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی قبوڵ نەکردنی ڕێککەوتن ببنەوە، دەیانەوێت ڕێککەوتنێک بکەن."

پێشتر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە ئاڵۆزیی دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتێک کە لەلایەن "ئاینییە ڕادیکاڵەکانی شیعە"وە بەڕێوەدەبرێت، کارێکی قورسە، بەڵام واشنتن هێشتا ڕێبازی دیپلۆماسی بە باشتر دەزانێت.

مارکۆ ڕوبیۆ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا ڕۆژی دووشەممە وتی "ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ئاسان نییە و ئێمەش چەندین جار ئەمەمان وتووە."

ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە دەرفەتێک هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە و ئەگەر ڕێککەوتنێک بکرێت کە چارەسەری نیگەرانییەکانی ئەمەریکا بکات، ئەوا ئێمە پێشوازی لێدەکەین.

XS
SM
MD
LG