Accessibility links

ڕوبیۆ سەبارەت بە سوریا: ئەمەریکا ڕێگەی نەدا سوریا دابەش ببێت و ببێتە گۆڕەپانی تیرۆریستان

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دواین لێدوانیدا لە گەشتەکەی بۆ ئەوروپا جەختی لەسەر گرنگی ئاسایشی سوریا و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی واشنتن بۆ سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.

ڕوبیۆ ڕۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی سلۆڤاکیا ڕۆبەرت فیکۆ، لە براتیسلاڤای سلۆڤاکیا، سەبارەت ڕێککەوتنەکەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و حکومەتی کاتیی سوریا، کە لە 29ی مانگی یەک واژۆ کرا، گوتی ڕاستە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ئاسان نابێت و ڕێککەوتنی تریش پێویستە لەگەڵ پێکهاتەکانی تری وەکو "دروزەکان، بەدەوییەکان، عەلەوییەکان و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەیەکی زۆر جیاواز لە سووریا."

بەڵام گوتیشی چەندێک سەختبێت ئەمەریکا پێی باشترە لە سوریایەک کە پارچە پارچە بێت و "لەگەڵ ئەوەی هەموو جۆرە شەڕێک تێیدا روویدەدا و کۆچی بەکۆمەڵ دەکرا." گوتیشی ئەمەریکا گەشبینە لەم بارەیەوە.

ڕوبیۆ باسی لە هەوڵەکانی ئەمەریکا کرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کاتێک ئاڵۆزییەکان لە نێوان هێزە کوردییەکان و هێزەکانی عەرەبی سوریا لە سەرەتای ئەمساڵ دەستیپێکرد و گوتی لەو کاتەدا سەرۆک ترامپ دوو جار لەگەڵ سەرۆکی کاتیی سوریا ئەحمەد شەرع قسەی کردووە و پێی گوتووە شەڕەکە ڕابگرن " بۆ ئەوەی بتوانین زیندانیانی داعش کە لەوێن بگوازینەوە." گوتیشی بۆ ئەوەش بوو "کاتی زیاترمان هەبێت بۆ کارکردن لەسەر ئەم تێکەڵکردنە، تێکەڵکردنی کورد لەنێو هێزە نیشتمانییەکانی سووریادا. وەک دەزانن شەرع ئەمەی کرد و تا ئەم ساتەش لەسەر بەڵێنەکەی ماوە."

روبیۆ سەبارەت بە مامەڵەکردنی ئەمەریکا لە سوریا دەڵێت نکوڵی لەوە ناکەن مامەڵە لەگەڵ هەندێک لایەن دەکرێت کە نیگەرانی لەسەر ڕابردوویان هەیە بەڵام گوتی" ئێمە لە سوریا دوو بژاردەمان هەبوو، بژاردەی یەکەم ئەوە بوو وازبهێنین ناوچەکە دابەشبێت بەسەر 18 پارچەی جیاوازدا، شەڕی ناوخۆیی درێژدەم، ناسەقامگیری، کۆچی بەکۆمەڵ، گۆڕەپانێک بۆ تیرۆرست و سەرهەڵدانەوەی داعش و دەستێوەردانی ئێران، ئەمە یەكێک بوو لە بژاردەکان. بژاردەی دووهەمیش ئەوە بوو کە هەوڵ بدەین و بزانین ئەگەر بشێت کار بکرێت لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە خۆجێهییانە و سەرۆک ئەلشەرع و تیمەکەی. جا ئێمە بژاردەی دووهەممان هەڵبژارد کە زیاتر مانای هەبوو."

ڕووبیۆ گواستنەوەی زیندانەکانیشی بۆ عێراق بە هەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەمدا و گوتی " بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەڵاتنێکی بەکۆمەڵ لە زیندان نەبینەوە و 4,000 یان 5,000 بکوژی داعش بە هەموو شوێنێکدا بڵاونەبنەوە و لە داهاتوودا هەڕەشەمان لێ نەکەن."

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی ئەرکێکی 23 ڕۆژەیان تەواوکرد بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 5 هەزار و 700 شەڕکەری زیندانیکراوی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ عێراق.

لای خۆیەوە وەزارەتی دادی عێراقیش لە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند لە کۆی زیاتر لە 5 هەزار شەڕکەری داعش کە لەم ڕۆژانەدا گواستراونەتەوە بۆ عێراق، تەنها نزیکەی 270 کەسیان عێراقین. گوتیشی، زیاتر لە 3 هەزار لە گیراوەکان هاووڵاتی سوریان.

ئەمانە ئەو چەکدارانەی داعشن کە لە کەمپەکانی ڕۆژ و هۆل بوون لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

XS
SM
MD
LG