ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی ئەمەریکا بڵاویکردوەتەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە میانی دیدارەکەیاندا لە کۆشکی سپی ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەمەریکا کار لەسەر کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین بکات.
پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا کە دەنگی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ڕایگەیاندبوو ئەمەریکا لەگەڵ هیندستان گەیشتووەتە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی کڕینی نەوتی ئێران و ئەوەی کە هیندستان نەوت لە ڤەنزوێلا هاوردە بکات.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕۆژی شەممە بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندووە ئەمەریکا و ئیسرائیل جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی سیاسەتی 'زۆرترین گوشار' لە دژی کۆماری ئیسلامی کردووەتەوە، لەوانە لە بواری فرۆشتنی نەوتی ئێران بە چین.
دۆناڵد ترامپ هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئەمریکا ڕەنگە باجی 25% بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت کە بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکەن.
کەمبوونەوەی فرۆشی نەوت لە ئێرانەوە دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی زیاتری بەهای تمەنی کۆماری ئیسلامی، چونکە دراوی کەمتر دەچێتە خەزێنەی کۆماری ئیسلامییەوە.
سەرۆک ترامپ لە مانگی دووی ساڵی 2025دا، نزیکەی دوو هەفتە دوای دەستبەکاربوونی، بە واژۆکردنی یاداشتێک بە فەرمی سیاسەتی 'زۆرترین فشار'ی دژی کۆماری ئیسلامی جارێکیتر دەستپێکردەوە.
چین زیاتر لە سەدا 80ی هەناردەی نەوتی ئێران پێکدەهێنێت و هەر کەمبوونەوەی ئەم بازرگانییە دەتوانێت بە مانای کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی تاران بێت.