مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ شەممە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە.
بارزانی لە هەژمارەی تایبەتی ئێکسی ڕایگەیاندووە سوپاسی روبیۆی کردووە " بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، و جەختیشم لە قووڵایی هاوبەشی ستراتیژیمان کردەوە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پابەندبوونێکی هاوبەش بە سەقامگیری ناوچەکەوە بنیات نراوە."
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا "جەختی لە پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتگیرى له عێراق و هەرێمی کوردستان و پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى له ناوچهكه كردهوه، ههروهها ستایشی پێگەی هەرێمی کوردستانی وەک هاوبەشێکی سەرەکی و فاکتەری سەقامگیری، كرد."
سەرۆکایەتی هەرێم ڕایشیگەیاندووە لەو کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سوریا و مافەکانی کورد لە وڵاتەکەدا کراوە و " تيايدا ههردوولا جهختيان له پاراستنى مافهكانى كورد و پێكهاتهكان له سووريايهكى يهكگرتوودا كردهوە."
پێشتریش هەر ئەمڕۆ شەممە سیناتۆر لینزی گراهام و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبونەوە.
بە پێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هاوکاری هاوبەشی نێوان هەردوولا کرابوو.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ، ڕۆژی هەینی لە شاری میونخی ئەڵمانیا دەستیپێکرد و تا ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت. بەپێی ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە زیاترلە 50 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت لە سەرانسەری جیهانەوە بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن. بێجگە لە شاندە باڵاکان لە 115 وڵاتی جیهانەوە. مارکۆ ڕوبیۆ سەرۆکایەتی شاندی ئەمەریکا دەکات و ئەمڕۆ وتارێکی مێژوویشی لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەش کرد. شاندی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەوێیە.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ سەکۆیەکی گرنگە بۆ گفتوگۆی جیهانی لەسەر پرسە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتی.