Accessibility links

ئەمەریکا داوا دەکات هاوپەیمانێتی ناتۆ لەسەر بنەمای هاوبەشی بێت نەک وابەستەیی

ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەی ساڵانەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە برۆکسل دەستپێکرد، کە تێیدا ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی هاوپەیمانییەکە لەسەر بنەمای "هاوبەشی نەک وابەستەیی" بێت.

جێگری وەزیری جەنگی ئەمەریکا بۆ ڕێساکان، ئێلبریج کۆلبی، داوای لە ناتۆ کرد کە ڕێبازی دەیان ساڵەی بگۆڕێت و بگەڕێتەوە سەر "بەرپرسیارێتی سەرەکی" خۆی بۆ بەرگری لە ئەوروپا.

کۆلبی گوتی، "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە پێکەوە ڕێبکەین؛ پراگماتیک بین، ئێمە بنەمایەکی زۆر بەهێزمان هەیە بۆ کاری پێکەوە، بۆ ناتۆیەک کە لەسەر بنەمای هاوبەشی بێت نەک وابەستەیی ...گەڕانەوە بۆ ئەو مەبەستە بنەڕەتییەی کە ناتۆ بۆی دامەزراوە."

کۆلبی کە نوێنەرایەتی ئەمەریکای دەکرد لە کۆبوونەوەکەدا، ناتۆی بە "هاوپەیمانییەکی جددی کە سەرنجی لەسەر بەرگرییە" وەسف کرد.

لە وتارێکی ئامادەکراودا کە لەلایەن وەزارەتی جەنگەوە بڵاوکراوەتەوە، کۆلبی تیشکی خستە سەر دوو قۆناغ کە ناتۆ لە دوای دروستبوونیەوە لە کۆتاییەکانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەزموونی کردووە – قۆناغی جەنگی سارد کە بە "ناتۆ 1.0" ناوی برد و قۆناغی دوای یەکێتی سۆڤیەت کە بە "ناتۆ 2.0" وەسفی کرد.

وتی قۆناغی یەکەم بە "ڕێبازێکی ڕەقی واقیعی و چاو ڕوون بۆ بەرگری" بوو، لەکاتێکدا قۆناغی دووەم خۆی بینییەوە لە گۆڕینی هەوڵ و سەرنجەکان لە بەرگری ئەوروپاوە بەرەو ئۆپەراسیۆنەکانی "دەرەوەی ناوچە" و چەکداماڵینی بەرچاو لە کیشوەرەکەدا.

گوتی ناتۆی 2.0 چیتر جێگەی "بەردەوامدان نییە،" کە تێیدا ئەمەریکا پشکی زۆری هێزی سەربازی باڵا بۆ بەرگری ئەوروپا دابین بکات، لەکاتێکدا هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بەگشتی ڕادەیەکی کەم خەرجی بکەن لە بەرگریدا.

ڕاشیگەیاند، ئەو جیهانەی سەردەمی بەناو "یەک جەمسەریی" دوای شەڕی سارد کە خوو و گریمانە و هەڵوێستی هێزی ناتۆی خستە قاڵبی ئێستاوە، هیچی تر نەماوە. "سیاسەتی هێز گەڕاوەتەوە و دیسانەوە هێزی سەربازی بە قەبارەیەکی گەورە بەکاردەخرێت."

گوتی، "ئەوەی پێویستە بریتییە لە "ناتۆ 3.0" – شتێک کە زیاتر نزیک بێت لە "ناتۆ 1.0" نەوەکو ئەو ئاراستەیەی کە لە 35 ساڵی ڕابردوودا کاری لەسەر کراوە."

گوتیشی ئەو واقیعە ستراتیژییە سەرەکییەی کە لەلایەن ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و ستراتیژی بەرگری نیشتمانی ئەمەریکاوە داڕێژراوە بریتییە لەوەی "ئەوروپا دەبێت بەرپرسیارێتی سەرەکی بەرگری ئاسایی خۆی لەئەستۆ بگرێت."

لە لێدوانەکەیدا کۆلبی گوتی، "با جەخت لەسەر شتێک بکەمەوە: هیچ شتێکی دژە ئەوروپایی لەم دیدگایەدا نییە. بەڵکو بە پێچەوانەوە، بریتییە لە ڕەنگدانەوەی هیوا و لەڕاستیدا متمانە بە توانای ئەوروپا بۆ کارکردنی بەهێز."

وتی ئەمەریکا ئەولەویەت دەدات بە "هەڕەشە دەرەنجامییەکان" بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا - بەتایبەتی بەرگریکردن لە خاکی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی لە نیوەگۆی ڕۆژئاوادا - هەروەها بەهێزکردنی بەرگری لە ڕۆژئاوای زەریای هێمنەوە.

وتشی ئەمەریکا دەستبەرداری ناتۆ نابێت.

کۆلبی دەڵێت، "بە پێچەوانەوە، بریتییە لە گەڕانەوە و چەسپاندنی ئامانجە بنەڕەتییەکەی."

لای خۆیەوە مارک ڕوتا، سکرتێری گشتی ناتۆ، گوتی ئەمەریکا پابەندە بە ناتۆ و جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن دەیەوێت ئەوروپا و کەنەدا لە پرسی خەرجییەکانی بەرگری و پیشەسازی بەرهەمهێنانی بەرگری بێنە پێشەوە.

مارک ڕوتا ڕایگەیاند، “لەو کاتەوەی سەرۆک ترامپ هەڵبژێردراوەتەوە، تەواوی تیمی سەرکردایەتی ئەمەریکا، بە ڕێبەرایەتی سەرۆک ترامپ، داوا لە ناتۆ و هاوپەیمانە ئەوروپاییەکان و کەنەدا دەکەن کە کاری زیاتر بکەن."

وتیشی، "هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە وا ملیارەها دۆلار دێت."

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆتایی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ، مارک ڕوتا ڕایگەیاند، هاوپەیمانان پابەندن بە گەیشتن بەو ئامانجەی کە 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان لە بەرگری و ئاسایش خەرج بکەن.

ڕوتا گوتی هەندێک لە هاوپەیمانەکانی وەک دانیمارک، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا و پۆڵەندا پێش وادەی خۆیان کەوتوون و لە ئێستاوە مەبەستی وەبەرهێنانیان هەیە کە لە ئاستی یان لە سەرووی ئاستی ئەو بڕەوە کە دیاریکراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەڵمانیا بەنیازە هەتا ساڵی 2029 بڕی 152 ملیار دۆلار بۆ بەرگری خەرج بکات، ئەمەش دوو هێندە زیاترە لەو بڕەی بەرلین لە ساڵی 2021 خەرجی کردبوو.

XS
SM
MD
LG