Accessibility links

پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ پشتیوانی لە کورد دەکات

پەرلەمانی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە بە توندی توندوتیژییەکانی دژ بە هاووڵاتیانی سڤیلی کورد لە سوریا سەرکۆنە کرد.

پەرلەمانتاران لە بڕیارنامەیەکدا ڕایانگەیاند ئەو کارانەی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدرێن دەتوانن بخرێنە چوارچێوەی "تاوانی جەنگەوە".

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە ستراسبۆرگ چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا سەبارەت بە دۆخی سوریا و چۆنیەتی ناردنی هاوکاری دارایی بۆ حکومەتی کاتی ئەو وڵاتە.

هەرچەندە ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا بەڵێنیان داوە کە 620 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری بکەن، بەڵام ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا جەختیان لەوە کردەوە ئەم هاوکارییە دەبێت بەو مەرجە بێت ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت و هێرشەکان بۆ سەر کورد ڕابگیرێن.

بڕیارنامەکە بە 363 دەنگی ئەرینی بەرامبەر بە 71 دەنگی نەخێر پەسەند کرا.

لە بڕیارنامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە پێویستە شووناس و ناسنامەی کوردی دانی پێدا بنرێت و زمانی کوردیش وەک زمانێکی فەرمی وەربگیرێت.

هەروەها پەرلەمانی ئەوروپا ئاگربەستی نێوان حکومەتی کاتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، بە مەرجێکی بنەڕەتی بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییە داراییەکان دەزانێت.

هەروەها پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپا داوایان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە دەستوەردان لە سوریا نەکەن و سەقامگیری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بپارێزن.

XS
SM
MD
LG