دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەواڵێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا باس لە ئامادەکارییەکانی پەنتاگۆن بۆ ڕەوانەکردنی کەشتییەکی تری فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکایی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
لەو پەیامێکدا کە سەرۆک ترامپ لە هەژماری تایبەتی ثروت سۆشیەڵ ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردووەتەوە مانشێتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی داناوە کە نوسراوە "پەنتاگۆن فڕۆکە هەڵگری دووهەم ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بڕوات."
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕۆژی چوارشەممە لەسەر بنەمای لێدوانی سێ کاربەدەستی ئەمەریکایی بڵاویکردەوە، پنتاگۆن فەرمانی داوە دووهەمین گروپی هێرشبەری فڕۆکە هەڵگر ئامادەبێت بۆ ئەگەری جێگیرکردنیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەرپرسێکی ئەمەریکایی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی وتووە، دەتوانرێت فەرمانی ڕەوانە کردنەکە "لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا" دەربکرێت، هەرچەندە تا ئێستا هیچ فەرمانێکی فەرمی لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە دەرنەچووە.
بەپێی ڕۆژنامەکە پنتاگۆن کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگر ئامادە دەکات بۆ ئەوەی "نزیکەی دوو هەفتەی تر" جێگیر بکرێت، کە پێدەچێت لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکاوە بێت.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە کەشتیی فڕۆکە هەڵگری )یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلو بوش)USS George H. W. Bush لە ئێستادا لە کەناراوەکانی ڤێرجینیا مەشق و ڕاهێنان ئەنجام دەدات و بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا ئەم مانۆڕانە "دەتوانرێت خێراتر تەواو بکرێن" بۆ ئەوەی کەشتییەکە زووتر جێگیر بکرێت.
گروپی هێرشبەری یو ئێس ئێس ئەبراهم لینکن لە ئێستادا لەگەڵ چەند کەشتییەکی دیکەی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیرە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە دەی مانگی دوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەکسیۆس ڕایگەیاند، ئەمەریکا ئامادەیە هێرش بکاتە سەر ئێران ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران شکستبهێنن، ئاماژەی بەوەشکرد، بیر لە ناردنی گروپی هێرشبەری کەشتی فڕۆکەهەڵگری دووهەم بۆ ناوچەکە دەکاتەوە.
ترامپ بە ئاماژەدان بە هێرشە سەربازییەکەی مانگی شەشی ڕابردووی ئەمەریکا کە نێوەندی ئەتۆمی تارانی لەناوبرد، گوتی " یان گرێبەستێک دەکەین، یان ناچار دەبین کارێکی سەخت ئەنجام بدەین وەکو جاری ڕابردوو".
هەروەها هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەمەریکا کەشتییەکی گەورەی لە ناوچەکەدا هەیە و ڕەنگە یەکێکی دیکەش بنێردرێت."
ترامپ هەروەها ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی پێشوازی کرد لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرایل و لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە وتووێژی ناوکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث ڕایگەیاند " بە هیچ شتێکی یەکلاکەرەوە نەگەیشتین جگە لەوەی پێداگریم لەسەر ئەوە کرد کە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام بن بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەتوانرێت ڕێککەوتنێک بەدیبهێنرێت یان نا."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "جاری ڕابردوو ئێران بڕیاریدا پێیوابێ بەبێ ڕێککەوتن باشترە، و لە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەودا کرانە ئامانج. هیوادارم ئەمجارەیان زیاتر بیربکەنەوە و بەرپرسیاربن."