بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە فەرمی ڕێککەوتننامەی دەستەی ئاشتی غەززەی واژۆ کرد.
هەژمارەی تۆڕی ئیکسی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک ترامپ، چاویان بەیەک کەوتووە و بە فەرمی ئەندامێتی خۆی لە "دەستەی باڵای ئاشتی" واژۆ کردووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، هەفتەی داهاتوو کۆمسیۆنی ئاشتی کۆدەبێتەوە و بڕیارە نەتەنیاهۆ بۆ ئەم مەبەستە بگەڕێتەوە بۆ واشنتن ، هەرچەندە ڕەنگە کاتەکە بگۆڕێت.
بەپێی ئەو پلانەی دۆناڵد ترامپ پێشکەشی کردووە، کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتی بە ناوی "کۆمیسیۆنی ئاشتی" بەرپرسیار دەبێت لە سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەبەرایەتی کاتیی کەرتی غەززە. هەروەها کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە" بە سەرۆکایەتی دکتۆر عەلی شەعث، ئەرکی بنیاتنانەوەی دامەزراوە گشتییەکان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دامەزراندنی ژێرخانی حوکمڕانی ناوخۆیی لە ئەستۆ دەبێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەندامانی کۆمیسیۆنی جێبەجێکار بریتین لە مارکۆ ڕوبیو، ستیڤ ویتکۆف، جێرد کوشنەر، تۆنی بلێر، مارک ڕۆئن، ئاجی بانگا و ڕۆبەرت گابرێڵ. ئەرکی ئەم گروپە سەرپەرشتیکردنی ئاوەدانکردنەوە، وەبەرهێنان و بنیاتنانی توانای حوکمڕانییە لە کەرتی غەززە.