وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، سەرکردایەتی شاندێکی گەورەی ئەمەریکا دەکات بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ کە بڕیارە ڕۆژی هەینی دەستپێبکات.
تۆمی پیگۆت جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە ئێکس ڕایگەیاندووە ڕوبیۆ لەگەڵ هاوتاکانی کۆدەبێتەوە سەبارەت بە هاوکاری دوولایەنە بۆ ئاسایشی ناوچەی ئەوروپا-ئەتڵەسی لە میانی کۆنفرانسەکەدا کە بڕیارە ڕۆژانی 13-15ی مانگ بەڕێوەبچێت.
پیگۆت وتی دواتر ڕوبیۆ بەرەو براتیسلاڤای پایتەختی سلۆڤاکیا و بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا بەڕێدەکەوێت بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پابەندبوونی ئەمەریکا بە چارەسەرکردنی ململانێ جیهانییەکان و پرسی هاوبەشیی وزە.
ڕۆژی دووشەممە، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ، ڤۆڵفگانگ ئیشینگەر باسی بەشداریکردنی ڕوبیۆی لە چالاکییە ساڵانەیەکەدا کرد. ئیشینگەر وتی پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 50 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا بەشداری بکەن.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ سەکۆیەکی چارەنووسسازە بۆ گفتوگۆی جیهانی لەسەر پرسە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە ڕایانگەیاندووە نزیکەی 50 سەرۆک دەوڵەت و حکومەت لە سەرانسەری جیهانەوە لە ئێستاوە ئامادەبوونی خۆیان لە کۆنفرانسەکەدا پشتڕاستکردووەتەوە کە لە هۆتێل بایریشەر هۆف لە میونخ بەڕێوەدەچێت.
ڕێکخەرانی کۆڕبەندەکە هەروەها ئەوەیان پشتڕاستکردوەتەوە کە سەرۆکەکانی کۆماری چیک پێتر پاڤێل و جولیۆس مادا بیۆی سیرالیۆن و فریدریش مێرزی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەنێو ئەو سەرکردانەی دیکەی جیهاندان کە بەشدار دەبن.
کۆڕبەندەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لە چالاکییەکانی ئەمساڵدا مشتومڕی ئاست بەرز لەسەر ئاستەنگە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی سەردەم ئەنجام دەدرێن.
ڕوبیۆ سەرکردایەتی شاندێکی گەورەی ئەمەریکا بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ دەکات