Accessibility links

پەیامە دژبەیەکەکانی تاران بۆ جیهان؛ بازاڕی بۆرسە ئێران دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت لە کاتێکدا دانوستانەکانی ئەمەریکا بەردەوامە

هاوکاتی هەوڵەکانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا کە لە هەمان کاتیشدا بەردەوامن لە هەڵوێستی هەڕەشەئامێز بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بازاڕی بۆرسەی تاران ڕووبەڕووی دابەزین دەبێتەوە.

پێوەرەکانی بۆرسەی تاران هەتا ڕۆژی سێشەممە، 38 هەزار خاڵ دابەزیوە، ئەمەش بە هۆی هەڵاوسان و ئەو کەشە سیاسی و ئابوورییەی باڵی بەسەر ئێراندا کێشاوە.

ئەم پێشهاتانە لە هەلومەرجێکدا ڕوودەدەن کە دوای ئەوەی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ دانوستانکارانی باڵای ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو لە مەسقەت کۆبووەوە، کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە پەیامی جیاواز و هەندێکجار دژبەیەک بۆ جیهانی دەرەوە بنێرێت.

لە دوایین هەنگاوی دیپلۆماتیکدا، عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، ڕۆژی سێشەممە سەفەری بۆ عومان کرد. لاریجانی لەو بەرپرسانەیە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا وەک یەکێک لە کەسە سەرەکییەکانی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئێران دەستنیشان کراوە.

هێشتا ڕوون نییە لاریجانی پەیامی پێشنیارێکی نوێی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە یان نا و هةتا ئێستاش واشنتن ڕاپۆرتێکی فەرمی سەبارەت بەو گەشتە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بە گوێرەی هەواڵێکی ئەسوشیەتێدپرێس، لاریجانی وەڵامی ئێران سەبارەت بە دانیشتنی یەکەمی ئێران و ئەمەریکای بۆ عومان بردووە.

پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ دەیەوێت لەگەڵ تاران بگاتە ڕێککەوتن و قبوڵکردنی ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیەی بە "هەڵبژاردنی ژیرانە" بۆ حکومەتی ئێران ناو برد.

لە ناوخۆی ئێرانیشدا، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە دیدارێکدا لەگەڵ فەرماندەکانی ئەرتەش ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ئێمە لە بواری دیپلۆماسیدا بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانمان، ئامادەین.

ئەم قسانە دوای ئەو هەڵوێستانە هات کە لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێرانیشەوە دووبارە کرانەوە و جەخت لەسەر ڕەتکردنەوەی داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمەریکا دەکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە میدیاکانی ڕۆژئاوا باسیان لەوە کردووە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا، لە دانوستانەکاندا داوای گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو و ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکی ئێران و کۆتایی هێنان بە پشتیوانییەکانی ئێران بۆ هێزە بە وەکالەتەکانی و هەروەها داوای گەیاندنی پیتاندنی یۆرانیوم بە خاڵی سفر لە تاران کردووە.

بەڵام جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نیکۆڵ پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان ڕایگەیاند و وتی ئەوەی ئایا ئەمەریکا ڕازی دەبێت بە پیتاندنی سنووردار لە ئێران یان هەر ئاستێکی پیتاندن بە هێڵی سوور دەزانێت، ئەوە بڕیارێکە کە دۆناڵد ترامپ خۆی لێدوانی لەسەر دەدات.


XS
SM
MD
LG